تا ئێستە بكوژێكی تاریقی بەقاڵ نەگیراوە

:: PM:01:49:12/09/2019 ‌
بەرپرسێكی دادگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، تا ئێستە بكوژێكی تاریقی بەقاڵ نەگیراوە و ڕای كردووە و چاوەڕوان دەكرێت بگیرێ و بدرێت بە دادگا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئەیلوول، عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ بەڕێوە چوو، لە كاتی دادگاییەكەدا لەگەڵ كەسوكاری تاریق گفتوگۆ كرابوو كە نابێت پشێوی دروست بكەن وەك ئەوەی لە مانگی ڕابردوو ئەنجام درا، بەهۆیەوە دادگاییەكە دواخرا، ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان دا كە كێشە دروست نەكەن.

ئاشكرای كرد، یەكێك لە ئەندامانی باندەكە هاووڵاتییەكی بە ڕەگەز عەرەبە و دانیشتووی ناوەڕاستی عێراقە و تا ئێستە نەگیراوە و دوای گرتنی بە جیا دۆسیەی بۆ كراوەتەوە و دادگایی دەكرێت
 
ڕۆژی سێشەم 27ـی ئاب، یەكەمین دادگایی بۆ بكوژەكان بەڕێوە چوو، بەڵام لەناو دادگای سلێمانی بەهۆی هێرشی كەسوكاری تاریقی بەقاڵ بۆ سەر بكوژەكان، دادوەر بڕیاری وەستانی دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانەی دەركرد و دادگاییەكە دواخرا.

پێش دەست پێكردنی دادگاییەكە دیار حەمەحوسێن كە یەكێكە لە كەسوكاری تاریقی بەقاڵ، لە بەردەم دادگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تاوانبارەكان لەناو هۆڵی دادگان و پێمان باشە لە یەكەم دانیشتندا ئەم كەیسە یەكلا بێتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت درێژە بكێشێت بەهۆی زۆری ئەو كەیسانەی لەسەر تاوانبارەكانە.

زیاتر گوتی، ئێمە پارێزەرمان نەگرتووە و كەیسەكە پێویستی بە پارێزەر نییە، چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری دادوەر دەكەین و دواتر ئەنجامی كەمپەینێكی پێشوومان دەدەینە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لەسێدارەدانی تاوانبارانی كوشتنی تاریقی بەقاڵ.

ڕۆژی حەوتی نیسانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سلێمانی باندێكی مەترسیداری كوشتن و ڕفاندن گیران و دوای ئەوەی ددانیان بە تاوانەكەیان نا، دەركەوت هاووڵاتییەك بە ناوی تاریقی بەقاڵ كە پێش سێ مانگ لە گیرانی باندەكە دیار نەمابوو، لەلایەن ئەو باندەوە كوژراوە و لە پشت ماڵەوەی ئەندامانی باندەكە نێژراوە، كەسێكی تریشیان كوشتبوو بە ناوی مەریوان سەرەڕای چەند تاوانێكی تر.
 

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد