كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی عێراق كێن؟

:: PM:09:30:18/01/2017 ‌

چەند سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی لە عێراق ناوچە كاندیدان بۆ وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی عێراق ئاشكرا دەكەن كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بیانخاتە روو بەتایبەتی هەردوو پۆستی ناوەخۆ و بەرگری.

بەپێی سەرچاوەكان لە پشت پەردەوە و لە دوا سعاتەكاندا چەند ناوێك تاوتوێ دەكرێت بۆ ئەوەی پرسی وەزارەتە بەتاڵەكان یەكلا بكەنەوە كە بەهۆی دواكەوتن و یەكلانەبوونەوەیان بە هۆی بوونی ناكۆكی گەورە لە نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق بووەتە مایەی هەڵوێستێكی بێزراوی عەبادی كە ناتوانێت ئەو پۆستانە یەكلا بكاتەوە. 

بەپێی سەرچاوەكان كە نزیكن لە نووسینگەی عەبادی یەكلاكردنەوەی هەردوو پۆستی بەرگری و ناوەخۆ گەیشتووەتە دوا قۆناغ و لەو چەند رۆژەی داهاتوو ناوەكان دەخرێنە روو لە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەریان، كە دیارترینیان لیوای رووكن هیشام عەزیز داود دەراجی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری و قاسم ئەعرەجی فەرماندەی باڵای رێكخراوی بەدر بۆ پۆستی وەزارەتی ناوەخۆ.

هەر بە پێی سەرچاوەكان هەریەك لە قوتەیبە جبووری پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین بۆ پۆستی وەزارەتی پیشەسازی و هەریەك لە موحسین محەمەد كەسایەتی سەربەخۆی توركمان و فازڵ نەبی بریكاری وەزیری دارایی بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق كاندیدن. 

سەرچاوەكان پێشبینی ئەوەیان كرد كە پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو ناوانە لە ماوەیەكی زۆر نزیك ئەنجام بدرێت و بەر لەوەش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ بارستە سیاسییەكان كۆ ببێتەوە بەر لە رادەستكردنی ناوەكان بۆ پەرلەمان.

ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی حەیدەر عەبادی پێنج وەزارەتی بەهۆی وەرگرتنەوەی متمانە لە هەردوو وەزیری بەرگری و دارایی و دەست لەكاركێشانەوەی وەزیرانی ناوەخۆ و پیشەسازی و بازرگانی دەناڵێنێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل