ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یاداشتێك ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان دەكەن و رای دەگەیەنن، پشتگیری لە دەستپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ چارەسەری تەنگژەكانی كوردستان و بە گونجاوی دەزانن.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی كانوونی دووەم دەقی یاداشتەكە بەو شێوەیە بۆ "وشە" نێردراوە.
بەڕێز ئەندامانی مەكتەبی سیاسی
بەڕێز دەستەی كارگێڕ
سڵاوێكی هەڤاڵانەی گەرمتان ئاراستە دەكەین و دەستخۆشیتان لێ دەكەین كە لەو ماوەیەدا هەموو كات و توانای خۆتان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی هەرێم تەرخان كردووە. ئومێدەوارین لە هەوڵەكانتان سەركەوتوو بن و بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانتانین و هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی هەوڵەكانتان تەرخان دەكەین.
ئێمەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە ئەم یاداشتەمان بە ئێوەی بەڕێز پێشكەش كردووە و ناوەكانیشمان لە خوارەوە نووسیوە، راو بۆچون و پێشنیارەكانمان سەبارەت بەهەندێ پرسی گرنگ دەخەینە بەرچاوتان بەو ئومێدەی كە بەتێروتەسەلی لێیان بكۆڵنەوەو بایەخیان پێ بدەن.
1-ئێمە پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز بارزانی دەكەین و بە دەستپێشخەرییەكی گونجاوی دەزانین. هیوامان وایە مەكتەبی سیاسیی بەڕێزیش بەهەموو تواناوە پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییە بكاتو كاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی بكات بۆ ئەوەی بتوانین هەرێم لەو بارودۆخە خراپەوە بگوێزینەوە بۆ بارودۆخێكی باشتر و ئاسودەیی بۆ هاووڵاتییەكانمان بگێڕینەوە. بۆچونی ئێمە ئەوەیە كەئەم دەستپێشخەرییە دەبێ بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ كە بەڕێز بارزانی رایگەیاندووە و گۆڕانكاری لەهەر سێ سەرۆكایەتی ئەنجام بدرێ. لادان لەو بنەمایە هیچ بایەخێك بۆ هەوڵەكانی چارەسەر ناهێڵێتەوە. كادیران و جەماوەری یەكێتیو ئێمەش بڕوای تەواومان بەپەرۆشیی ئێوە هەیە بۆ جێبەجێ كردنی دەستپێشخەرییەكە بەو جۆرەی كەبەڕێز بارزانی رایگەیاندووەو هیوامان وایە هەموو تواناتان بۆ ئەم مەبەستە بخەنە كار.
2-پشتگیریی ئەوە دەكەین كە یەكێتی پڕۆژەیەكی نیشتمانیی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێم هەبێت، بەتایبەتی كە بڕیاری ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە بڕیاری كۆبوونەوەی رۆژی 24ی كانوونی یەكەمی 2016ی ئەنجوومەنی سەركردایەتییە. ئەو رەخنەیەشمان قبوڵ بفەرمون كە ئێمەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە دەنگمان بە ئامادەكردنی پڕۆژەكە داوە، گەڵاڵەی پڕۆژەكەمان بۆ نەنێردراوە و لە میدیاكان خوێندوومانەتەوە.
دڵنیاین لەوەی كە بەڕێزتان لەوە تێ دەگەن كە هیچ پڕۆژەیەك نابێتە پڕۆژەی فەرمیی یەكێتی ئەگەر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی تاوتوێ نەكرێ و دەنگی پێ نەدرێ. بەگونجاویشی دەزانین كە پرۆژەكە رەزامەندیی ئەنجوومەنی ناوەندیشی لەسەر بێ. هەروەها پێمان خۆشە ئەوەمان بۆ روون بكەنەوە كە گەڵاڵەی پڕۆژەیەكی هێشتا پەسند نەكراو لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی، چۆن دزەی كردووە بۆ میدیاكان و بەزمانی كوردی و عەرەبی بڵاو بووتەوە. دڵنیاین كە ئێوەش وەك ئێمە لەم مەسەلەیە نیگەرانن. وەك باوە، ناكرێ مەسەلەیەكی وا بەبێ لێكۆڵینەوە تێپەڕێ. پێشنیار دەكەین لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە دزەكردنی پڕۆژەكە پێك بهێنرێ بۆ ئەوەی وردەكاریی ئەم كارە خراپەمان بۆ روون ببێتەوە.
دیارە نابێ دزەكردنی گەڵاڵەی پڕۆژەكە مەسەلە بنچینەییەكەمان لەبیر بباتەوە، ئەویش مەسەلەی تاوتوێكردنی پڕۆژەكەیە لە كۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و دەركردنی بڕیاری پێویست لەبارەیەوە.
3-پێشنیار دەكەین پێكهاتەی شاندی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ پارتی گۆڕانی بەسەردا بێت بۆ ئەوەی ئەو شاندە بتوانێ ئەركەكەی خۆی بە چاكترین شێوە جێبەجێ بكا مەرج نییە هەموو ئەندامەكانی شاندەكە لە دەستەی كارگێڕ و مەكتەبی سیاسی بن بە پێویستی نازانین ئەوە روون بكەینەوە كە ئێمە رێزێكی بێ پایانمان بۆ هەموو ئەندامەكانی شاندەكە هەیە و هیچ گومانێكمان لە هەوڵدانیان بۆ سەرخستنی دانوستانەكان و دەربڕینی راو بۆچوونەكانی یەكێتی بە چاكترین شێوە نییە. بەڵام بۆ بەرژەوەندیی یەكێتیی وا گونجاوترە شاندەكە تەنیا لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێك نەیەت.
ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ بەشداریكردن لە پێكهاتەی ئەو شاندە. گرنگ نییە پێكهاتەی شاندەكە لە كۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بگۆڕدرێ یان لە دەرەوەی كۆبوونەوە. ئەگەر لە دەرفەتێكی نزیكدا كۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەسترا، دەكرێ ئەم بابەتە لەوێ باس بكرێ و ئەگەر زانرا كۆبوونەوەكە دوا دەكەوێ، هیچ كێشەیەك نییە ئەگەر لە دەرەوەی كۆبوونەوە پێكهاتەكەی بگۆڕدرێ.
4-ئێمە بەبایەخێكی زۆرەوە دەڕوانینە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و داوا لە بەڕێزتان دەكەین هەموو كۆسپەكانی بەردەم پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە لابەرن. لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ ئەو پەیوەندییە گرنگە، داواكارین لە كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا لیژنەیەك لە چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پێك بێت بۆ تاوتوێكردنی مەسەلەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵا پارتی و پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەم بارەیەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەدیاریكردنی هەڵوێستی كۆتایی لە ڕێككەوتنی ستراتیجیی نێوان یەكێتی و پارتی.
5-بەقەد ئەوەی كە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی بەپێویست دەزانین، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویست دەزانین. بۆیە بەپێویستی دەزانین رێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵ گۆڕان كارا بكرێ و گۆڕانكاری لە پێكهاتەی سەركردایەتیی هاوبەشی نێوان هەردولا بكرێ بەجۆرێك كە لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی ببێتە ئەندامی سەركردایەتیی هاوبەش، چونكە سنووری ئەو مەڵبەندە پەیوەندیی راستەوخۆی بەمەسەلەی رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕانەوە هەیە.
6-جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە مەكتەبی سیاسیی بەرێز بەرنامەیەكی هەمەلایەنە بۆ كاراكردنەوەی مەڵبەند و مەكتەب و دەزگاكانمان و چاككردنی باری بژێوی كادیرەكان دابنێ و كێشە داراییەكانی ئەو مەڵبەند و مەكتەب و دەزگایانە بەپێی توانا چارەسەر بكات.
7-پێشنیار دەكەین لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا مەسەلەی هەڵبژاردن تاتوێ بكرێ. بۆ كادیران و جەماوەری یەكێتی زۆر گرنگە ئەوە رابگەیەنرێ كە یەكێتی هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و خاوێن دەخاتە گەڕ. پێویستە لە ئێستاوە لیژنەی تایبەت بۆ خۆئامادەكرن بۆ هەڵبژاردن بەسەرپەرشتیی دەزگای هەڵبژاردن پێك بهێنرێ. دیارە ئەمەش پێویست بەوە دەكات كە هەموو پێداویستییەكان بۆ دەزگای هەڵبژاردن دابین بكرێن. ئێمە هەمومان لە خزمەتی دەزگای هەڵبژاردن داین و هەر كارێك ئەو دەزگایە پێمان بسپێرێ بەخۆشحاڵییەوە ئەنجامی دەدەین.
پەروین كاكە حەمە
بڵێسە جەبار فەرمان
سیروان كوێخا نەجم
سامان گەرمیانی
فەرید ئەسەسەرد
لەتیف شێخ عومەر
رەهبەر سەید برایم
خالید شوانی
وەستا رەسوڵ
هەڵۆ پێنجوێنی
ئاڵا تاڵەبانی
د. جوان ئیحسان