ئەسیل نووجێفی دوور دەخرێتەوە

:: PM:10:03:18/01/2017 ‌

لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە دوای ئەوەی بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزەكانی "پاسەوانی نەینەوا"، واتە شەڕوانانی هۆزە سوننەكانی كە ئەسیل نوجێفی سەركردایەتیان دەكات خرانە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئێستە ئەو هێزانە لەژێر فەرمانی ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی مووسڵ دەرهێنراون و سەركردەیەكی نوێیان بۆ دیاری كراوە.

حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەكە لەو بارەوە رای گەیاند كە هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا بەڵێنیان داوە لە چوارچێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا كار بكەن و پێوەندیان بە ئەسیل نوجێفی پارێزگەری پێشووی نەینەوا بپچڕێنن.

زیاتر گوتی، ئێستە هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا لە جەنگدان لەگەڵ داعش لەپاڵ هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە قۆڵی باكوری مووسڵ و هەمان مامەڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبیان لەگەڵدا دەكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 30ی كانوونی یەكەمی رابردوو لە دوای پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بەیەكخستنی هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی و بەپێی گوتەبێژی ئەو هێزانەش ئەم مانگە بۆیەكەم جار مووچەیان لە بەغدا وەرگرتووە. 

سەرچاوە: جورنال نیوز 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل