دزێكی دەوڵەمەند لە هەولێر گیرا

:: PM:03:16:13/09/2019 ‌
لە شاری هەولێر دزێك گیرا كە بەبەهای زیاتر لە 110 هەزار دۆلار شیری گرانبەهای دزیووە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش ڕای دەگەیەنێت، ئەم كەسە دەوڵەمەندە و پێشتریش لە ئەڵمانیا و به‌ڕیتانیا و فڕەنسا گیراوە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 13ى ئه‌یلوول، هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "هێزەكانی پۆلیس توانیویانە كەسێك لە پێشانگایەكی ئۆتۆمبێڵ بگرن كە تۆمەتباربووه‌ بە دزیكردن لە زنجیرە ماركێتێكی گەورە".
 
زیاتر گوتى، "ئەو كەسەی گیراوه‌ بەپێی بەڵگەكان لە ساڵی 2016 ەوە بەردەوام و بە قۆناغ ڕۆژانە سه‌دان قوتوى شیرى گرانبه‌هاى لەو زنجیرە ماركێتە دزیووه‌، بەڵام لەبەر ئەوەی ساڵی 2017 سیستمی ئەو زنجیرە كراوەتە داتابەیس، بۆیە دوو ساڵە دزیەكەی ئاشكرا كراوە".

ئاماژەی بەوەیشكرد، تۆمەتبارەكە كەسێكی دەوڵەمەندە، ماوەی دوو ساڵە خۆی لە هێزەكانی پۆلیس دەشارێتەوە، چوار جار هێزەكانی پۆلیس هەوڵیانداوە بیگرن به‌ڵام هه‌وڵه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، تاكو ئێسته‌ توانرا بیگرن بەسەر چوار ئۆتۆمبێڵدا كە لەكاتی هەڵاتنی بەجێی هێشتبوون".

گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر ڕای گەیاند، ئەم كەسە دزێكی كارامە بووە، پێشتر لە ئەڵمانیا و به‌ریتانیا و فرەنسا گیراوە و تاوانی ئەنجامداوە، بۆیە هەوڵدان بۆ گرتنى كاتی زۆری ویست و لەكاتی گرتنیشیدا بە تووندی ڕووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس بوویه‌وه‌.

ئاشكراى كرد، كه‌ هەموو باركۆدی شیرەكان و چەند جار چووه‌تە مارێكێتەكان و دزیەكانی ئەنجامداوە هەموویمان بە بەڵگەی ڤیدیۆیی تۆمار كردووە، ڕۆژی وا هەبووە سێ جار چووەتە ماركێتێك و شیری لێ دزیووە، ئەو كۆمپانیایەی داواكەی لەسەر تۆمار كردووە خاوەنی زیاتر لە 56 لقی تایبەت بە فڕۆشتنی شیرە.

هۆگر عەزیز له‌ كۆتایدا گوتى، "ئەو كەسە بەبەهای 110 هەزار دۆلار شیری دزیووە، ئەو ئۆتۆمبێڵانەیشی دەستی بەسەردا گیراوە هەریەك لە لاندگرۆزه‌ر مۆدیل 2013، كامرى مۆدیل 2009، مازداى مۆدیل 1991، بى ئێم دەبلیو مۆدیل 1993، بە گوتەی خۆیشی گوایە بەهۆی هەژارییەوە ئەو كارەی كردووە".

تۆمه‌تباره‌كه‌ تەمەنى 42 ساڵه‌ و به‌پێى مادده‌ى 443ى یاساى سزادانى عێراقى ئێسته‌ بەندە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


وشە - محەمەد میران