هاووڵاتییانى گوندێك ڕووبه‌ڕووی‌ پۆلیس بوونه‌وه‌

:: PM:03:34:13/09/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە سنووری گاپێڵۆن سەرپێچیكاران ڕووبەڕووی پۆلیسی دارستان بوونەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ "وشه‌" ناردووه‌، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ئەنجامی دەرچوون و كێوماڵكردنی سنووری چالاكییەكانیان بە مەبەستی ڕێگریكردن لە سەرپێچیكاران و كاری نایاسایی مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستانی گاپێڵۆن لە سنووری گوندی مالومەی سەر بە شاه‌ردێى گاپێڵۆن توانیان سێ كورەی خەڵوزكردن تێكبدەن كە بەشێوەیەكی نایاسایی كاریان دەكرد.

ئاشكرای كردووه‌، كه‌ پۆلیس توانی دەستبگرێت بەسەر تراكتۆر و عەرەبانەیەك داری بڕاوە و دوو مشاری كارەبایی دار بڕینەوە.

زیاتر هاتووه‌، ئەوەی جێگای داخە هەندێك لە هاووڵاتییانی گوندەكە ڕووبەڕووی پۆلیسی دارستان بوونەوە و زەرەر و زیانیان بە ئۆتۆمبێڵی مەفرەزەكە گەیاند، دواتر لە لایەن كارمەندانی بنكەی پۆلیسی دارستانی گاپێڵۆنەوە بڵاوەیان پێكراو باردۆخەكە كۆنتڕۆڵ كرا.


وشە - محەمەد میران