خشتەی نوێی دابەشكردنی مووچە بڵاو كرایه‌وه‌

:: PM:05:13:13/09/2019 ‌
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم بۆ "وشه‌"، دابەشکردنی مووچەی سێ وەزارەت و چەند توێژێکی لە هەفتەی داهاتوو ڕاگەیاند.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 13ى ئه‌یلوول، ئەو سەرچاوەیە بە "وشه‌" ڕاگەیاند، "هەفتەی داهاتوو سێ وەزارەت و چەند توێژێك مووچەی مانگی حوزەیرانی ساڵى 2019 وەردەگرن و ڕۆژی یەکشەم مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت".

زیاتر گوتى، "ڕۆژی دووشەم وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچە وەردەگرن و ڕۆژی سێشەم وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن و بڕیاریشە تا 25ی ئه‌یلوول، مووچەی سەرجەم مووچە خۆرانی حكوومەتی هەرێم دابەش بكرێت".

سەرچاوەكە ڕای گەیاند، "هەر لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان دابەش دەکرێت".

وەزارەتی دارایی و ئابووری لەمساڵدا هەشت مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکردووە، سێ مووچەیان هی مانگەکانی تشرینى یه‌كه‌م و دووه‌م، كانوونى یه‌كه‌مى ساڵی ڕابردوو بووه‌، کە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە نەدرابوو، هەروەها پێنج مووچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە دوو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فڕۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دووەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


وشە - محەمەد میران