سێلتا فیگۆ لە ریال مەدریدیشی بردەوە

:: AM:09:29:19/01/2017 ‌

یانەی سێلتا فیگۆ كە پێشتر لە یانەی بەرشلۆنەی بردبووەوە، شەوی رابردوو لە جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یانەی ریال مەدریدی تێكشكاند.

درەنگانی شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریی چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ دۆڕا.

یانەی ریال مەدرید تەنیا لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم شكستە دەیچێژێ دوای ئەوەی شەمووی رابردوو لە گەڕی 18ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی سڤیلییە دۆڕا بوو.

لەو یارییەدا زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی بە كۆمەڵێك یاریزانی سەرەكی یانەی ریال مەدرید یاریی كرد لەوانەش كریستیانۆ رۆناڵدۆ، كاسمێرۆ، تۆنی كڕووس و لۆكا مۆدریچ و سێرجیۆ رامۆس، بەڵام نەیانتوانی ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەن و سەركەوتن پێشكەش بە جەماوەری یانەكەیان بكەن.

هەرسێ گۆڵی یارییەكە لە گێمی دووەم هاتە تۆماركردن، سەرەتا ئیاگۆ ئیسپاسی هێرشبەری یانەی سێلتا فیگۆ لە خولەكی 64 گۆڵی یەكەمی یارییەكەی تۆمار كرد، دوای 5 خولەك مارسێلۆ لە خولەكی 69 یانەی ریال مەدریدی یەكسان كردەوە، دڵخۆشی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید تەنیا یەك خولەكی خایاند دوای ئەوەی جۆنی كاسترۆ لە خولەكی 70 گۆڵی دووەم و سەركەوتنی بۆ یانەی سێلتا فیگۆ تۆمار كردەوە.

هەردوو یانەكە لە رۆژی 25ی ئەم مانگەدا لەنێو یاریگەی سێلتا فیگۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا ئەنجام دەدەنەوە.

جێی باسە یانەی سێلتا فیگۆ پێشتر لە گەڕی 7ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەهەمانشێوە لەسەر دەستی یانەی سێلتا فیگۆ بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ دۆڕا بوو، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 27 خاڵ لە ریزبەندی 8ی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دێت.
بە ڤیدیۆ سەرجەم گۆڵەكانی یارییەكە ببینە:-



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م