لە ناو مۆڵێكی گەورەی هەولێر سەنتەرێك داخرا

:: AM:08:58:14/09/2019 ‌
قایمقامیەتی هەولێر ئاشكرای دەكات لە یەكێك لە مۆڵەكانی هەولێر سەنتەرێكی جوانكاری داخرا بەهۆی هاوردەكردنی كەلوپەلی نەشیاو و ڕێپێنەدراو.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئەیلوول، قایمقامیەتی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لیژنەی بەدواداچوون و چاودێری دەرمان كە پێكهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو سەربە ئاژانسی پاراستن و لەڕێی بەشی پۆلیسی شارەوانی هەولێر، سەنتەرێكی جوانكارییان لە هەولێر داخست.

روون كراوەتەوە، سەنتەرەكە بەناو جوانكاری دەكەوێتە ناو تابلۆ مۆڵ لە شاری هەولێر، بەهۆی هاوردەكردن و هێنان و بەشێوەیەكی نایاسایی و فرۆشتنی دەرمانی رێپێنەدراو و نەشیاو داخرا.

ئاشكرا كراوە، هەموو ئەو دەرمانە نایاساییانە لەلایەن لیژنەكەوە دەستی بەسەردا گیرا  و بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان هەموو شوێنەكانی سەنتەری جوانكاری و دەرمانخانەكان ئاگەدار دەكاتەوە، مامەڵە بە ئەم دەرمانانە نەكەن بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرس دەبن بە توندترین شێوە سزا دەدرێن، چونكە ئەم دەرمانانەی زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن. 



وشە - رامیار جەواد