بەغدا بەشێك لە پارەی جووتیاران دەنێرێت

:: AM:10:10:14/09/2019 ‌
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاگەداری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستانی كردووەتەوە كە لەم هەفتەیە بڕە پارەیەكی تری گەنمی جووتیارانیان بۆ ڕەوانە دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئەیلوول، سەباح عەلی لێپسراوی یەكەی دیاریكراوی سایلۆ لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە ئاگەداری بۆ وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ناردووە ئەو هەفتەیە بڕە پارەیەكی گەنم دەنێرێت.

ئاشكرای كرد، ڕۆژی یەكشەم پسوولەی خەرجی بۆ بانكی ناوەندی دەكرێت و ڕۆژی دووشەم ئەگەر هیچ بەربەستێك دروست نەبێت پارەكە خەرج دەكرێت.

ڕوونی كردەوە، بڕی پارەكە 51 ملیار دینارە و بۆ هەر پارێزگایەك 17 ملیار دینار رەوانە دەكرێت و بڕە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، ئەمساڵ 354 هەزار و 936 تۆن بووە و كۆی پارەكەی 181 ملیار دینارە و لەو بڕە تا ئێستە 105 ملیار دینارە رەوانە كراوە.

ماوەی چەند ساڵێكە كێشەی نەناردنی پارە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە كە جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەنم ڕادەستی بەغدا دەكەن، بەڵام شایستە داراییەكانیان پێ‌ نادرێت، ئەوەیش وایكردووە بەشێكی زۆری جووتیاران گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆكان نەكەن.



وشە - رامیار جەواد