فازڵ غەڕاوی: گەندەڵی بووەتە بەربەستی جێبەجێكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ لە عێراقدا

:: AM:10:11:14/09/2019 ‌

فازڵ غەڕاوی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق، تیشك دەخاتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییەكانی لە عێراق. وەك غەڕاوی لەم دیمانەیەكی "وشە"دا ئاماژە بۆ دەكات، لە عێراق تەنانەت كێشەیان لە جێبەجێكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ هەیە و تا ئێستە زۆر دوورن لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەو مافانەوە.

*دۆخی ئێستەی مافی مرۆڤ لە عێراق چۆنە؟ ئاخۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی عێراق لە مەترسیدایە؟ یان دەكرێ لەم وڵاتە بڵێین مەبەست چییە لە مافی مرۆڤ؟ 

سیستمی رێكخراوەی مافی مرۆڤ فرەوانە، پێوەستە بە هەموو ئەو مافانەی لە رێككەوتننامە و بەڵێننامە و جاڕی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بۆ كراوە و عێراق پێوەندی پێیانەوە كردووە و لە دەستووری عێراقیش ئاماژەی بۆ كراوە. 

لە بڕگەكانی پێوەست بە ماف و ئازادییەكان كە بریتین لە مافە سەرەكییەكانی مرۆڤ وەك فاكتەری سەرەكی ژیان، لەوانە مافی ژیان و پاراستن و فێركردن و تەندروستی و ژینگە و خزمەتگوزارییەكان و مافی كەمئەندامان و بێباوك و بە تەمەنەكان و منداڵ و ژن و ئازادی دەربڕین و رەخنەگرتن و مافە سیاسی و مەدەنییەكان و كۆمەڵایەتی و كولتووری و كاركردن و ئازادی ئاین و هیتریش.
لە عێراق كێشەمان لە جێبەجێكردنی ئەو مافانە هەیە، تا ئێستە زۆر دوورین لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەو مافانەوە و هاووڵاتی عێراقیش هەستی بە دابینكردنیان بەو شێوەی هەیە، نەكردووە. 

زۆرینەی ئەو مافانە تا ئێستە لە ئاستی پێویست و جێبەجێكردن دوورن، بۆیە بڕێكی زۆری پێشێلكاری مافی مرۆڤ هەیە، لە هەندێك رووەكان پێشوەچوون هەیە، بەڵام لە رووی جێبەجێكردنەوە تا ئێستە ناوەڕۆكی مافی مرۆڤ زۆر دوورە وەك لە دەستوور باس كراوە. تا ئێستە ئاشتی كۆمەڵگەیی لە عێراق چەندان كێشەی هەیە بەتایبەتی دوای جەنگی داعش.  
  
*وەك كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ تا چەند كارەكانتان وەك پێویست ئەنجام دەدەن، ئاخۆ گوشارتان لەسەر هەیە و گرنگی راپۆرتەكانی ئێوە چییە؟.

بەڵێ پێمان وایە لەو ماوە كەمەی تەمەنی و سەرەڕای كێشەكانی دارایی و مرۆیی و هاوكاری نەكردنمان، توانیومانە سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنین لە چاودێریكردن و سەردانی شوێنەكان و ئەو رپۆرتانەی لە ناوخۆ و دەرەوەیش رامان گەیاندووە، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە پلەی "بی" پۆلێن كراوین، ئێمە راسپاردەی پێویستیمان داوەتە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق لەبارەی مافی مرۆڤەوە لە رێی راپۆرتی خۆمان. 

*زۆرجار گوێبیستی بوونی پێشێلكاری گەورە دەبین لە عێراق لە گرتووخانەكان و لەناو كۆمەڵگە، گرنگترین ئەو پێشێلكارییانەی لە عێراق هەن چین؟.

پێشێلكارییەكان لە عێراق وەك گوتمان لە جێبەجێكردنی راسپاردە و وردەكارییەكانە، لەبارەی ناوەندی راگیراوەكان و گرتووخانەكان لە رووی مامەڵەكردن و رێكخستن و دواكەوتنی یەكلابوونەوەی سكاڵای سەریان، رەچاوكردنی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەكان لە خواردن و پۆشاك و تەندروستی، چاودێری ئەوانە دەكەین. 

هەروەها چاودێری پێشێلكارییە مەترسیدارەكان لە دژی ژنان دەكەین وەك ئەوەی داعش لە دژی ژنان و گرتن و رفاندن و فرۆشتنیان كردی، هەروەها بەكارهێنانیان بۆ سواڵكردن و بازرگانی بە مرۆڤ، ئێمە قسەی ژنانی رفێنراوی ئێزیدیمان تۆمار كردووە، هەروەها هی ئاوارەكانیش و ئەو دۆسیانەمان داوەتە دادگەی تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانە.

*پێوەندیتان لەگەڵ دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و حكوومەت و دادگە چۆنە؟ ئەی تا چەند هاوكاری لەگەڵ میدیا و راگەیاندنەكان دەكەن؟

پێوەندی ئەرێنیمان لەگەڵ هەموو دامەزراوەكان هەیە و ئەوان بە ئەرێنی رێنوێنی و راسپاردەكانی ئێمە وەردەگرن، هەروەها هاوبەشییەكی گەورەمان لەگەڵ میدیا و رۆژنامەكان هەیە، بەو پێیەی ئەوان ئەو چاوەن كە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ پێشان دەدەن، ئێمە پێوەندی رۆژانەمان بە راگەیاندن هەیە و هەموو ئەوانەی كۆمسیۆن تۆماریان دەكات، لە رێی ئەوانەوە رای دەگەیەنین لە پێشێلكاری و ئەو دیمەنانەی لەگەڵ پێوەرەكانی مافی مرۆڤ ناگونجێن، بەشێك لە سەركەوتنی ئێمە بۆ دەزگەكانی راگەیاندن دەگەڕێتەوە و سوپاسیان دەكەین.

*كاریگەری تیرۆر و گەندەڵی و كێشەی تایفیی لەسەر جۆشدانی توندوتیژییەكانی ناو كۆمەڵگەی عێراقی چییە؟

گەندەڵی یەكێكە لە هۆكارەكان كە بووەتە بەربەست لە بەردەم جێبەجێكردنی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق، هەرچەند گەندەڵی زیاتر لە دامەزراوەكان تەشەنە بكات، بە نەرێنی كاری كردووەتە سەر كاری ئێمە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، بۆیە یەكێك لە هۆكارەكانی نەگەیشتنی خزمەتگوزارییەكان بە ئاستی پێویست بە هاووڵاتی عێراقی و هاوكات نەبوونی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی، بریتییە لە تەشەنەكردنی گەندەڵی و نەبوونی دیودەری لە هەموو دامەزراوەكان كە مامەڵە لەگەڵ مافی مرۆڤ دەكەن.

گەندەڵی هۆكارێكی گرنگە بۆ كەمكردنەوەی رەچاوكردنی مافی مرۆڤ و كاریگەری نەرێنی بۆ سەر خزمەتگوزارییەكان و مافی هاووڵاتیی عێراقی، ئەوكاتەی كار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەكرێت بە ئەرێنی كار دەكاتە سەر مافی مرۆڤیش، بۆیە تیرۆر و تایفییەت و گەندەڵی بە نەرێنی كار دەكەنە سەر مافی مرۆڤ و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتی و مافی لە ژیاندا دروست دەكەن. 

تاوانێكی زۆر بەهۆی تایفییەت و تیرۆرەوە ئەنجام دراوە تا ئاستی تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگ، بۆیە گەندەڵ و تیرۆر، دوو رووی دراوێكن و هاووڵاتیی عێراقی باجەكەیان دەدات، بەهۆی شكستهێنانمان لە نەهێشتنیان تا ئێستە.   

*لەبارەی ئێزیدییەكان و گۆڕە بە كۆمەڵەكان چیتان كردووە بۆ تۆماركردنی ئەو تاوان و كارەساتانە وەك جینۆساید؟

وەك كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ چەندان رێوشوێنمان لەبارەی تاوانەكان لە دژی برا ئێزیدییەكان وەرگرتووە، لەوانە تۆماركردنی ئەو تاوانانە و وەرگرتنی قسەی قوربانیان لە رزگاربووان خۆیان، هەروەها بەشداریمان كردووە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە گوندی كۆجۆ، راپۆرتمان لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی پێشكەش كردووە لەبارەی ئەو نەهامەتی و كارەساتە گەورەیەی برایانی ئێزیدی پێیدا تێپەڕ بوون و ئەو پێشێلكارییە گەورەیەی دووچاری هاتنەوە.
ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكان هات، تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوان لە دژی مرۆڤ بوو، ئەو تاوانانەیش لە بڕیارەكانی نێودەوڵەتی جێگیر كراون، ئەنجوومەنی ئاسایشیش بڕیاری 2379ی دەركرد و تیمێكی راوێژكاری تایبەتی دیاری كرد بۆ تۆماركردنی ئەو تاوانە لەگەڵ حكوومەت و ئێمەیش ئەو تۆمارانەمان پێشكەشی دادگای مافەكانی مرۆڤ كردووە بەوەی تاوانی كۆمەڵكوژین. 

هەروەها پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەوبارەوە دەركردووە بە حسێبكردنی ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكان هات وەك تاوانی كۆمەڵكوژی، بۆیە وەك كۆمسیۆن راپۆرتی خۆمان لەوبارەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز كردووەتەوە و دووپاتمان كردووەتەوە بەوەی چەتەكانی داعش پێشێلكاری گەورە و تاوانی كۆمەڵكوژییان لە دژی ئێزیدییەكان ئەنجام داوە لە عێراقدا.  

*دۆخی هەرێمی كوردستان لە رووی مافی مرۆڤەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن و لە عێراق و هەرێمیش چی بكرێت بۆ چاككردنی هەرێمی كوردستان؟

هەرێمی كوردستان چەندان رێوشوێنی لەبارەی جێبەجێكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤەوە وەرگرتووە، ئەگەرچی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان زۆر جیاواز نییە لەوەی عێراق، بەڵام پێشوەچوونی زیاتر لەسەر ئاستی یاساكان و جێبەجێكردن هەیە بەو پێیەی هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵات و دامەزراوەی تایبەتە و توانای مامەڵەكردنی خۆی هەیە لەگەڵ بنەماكانی مافی مرۆڤەوە بەشێوەیەكی ئاسانتر، بەڵام لەوێش چەند كێشە و بەربەست هەن، لە هەرێم دەستەیەكی نیشتمانی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەیە و مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق هەیە، راپۆرتی هاوبەشمان لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە پێشكەش كردووە. 

چەند ئاماژەیەك لەبارەی مافی مرۆڤ لە هەرێم هەن پێویستیان بەوەیە حكوومەت و پەرلەمانی هەرێم پێداچوونەوەی پێدا بكەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە هەرێم تەواوی مافەكانیان وەربگرن، بۆیە ئەگەر بەراوردێك بكەین، ئەوە سیستمی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق بكەین، رەنگە ئەوەی هەرێم پێشكەوتووتر بێت، چونكە ژینگەی گشتی و ژینگەی یاسادانان و جێبەجێكردن جیاوازە، بەو پێیەی هەرێم دەسەڵاتی دەستووری جیاوازی هەیە. 

*عێراق لە گەندەڵی لە پلەكانی كۆتایی لیستی دیودەرییە، لە رووی مافی مرۆڤەوە لە چ ئاستێكدایە؟  

پۆلێنێك نییە بۆ عێراق لە رووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام پێداچوونەوەیەكی گشتی و هەڵسەنگاندن هەیە بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە كە هەر چوار ساڵێك عێراق لەوبارەوە و بەشێوەیەكی خولی پێشكەشی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە جنێڤی دەكات، لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنە وڵاتانی پێوەندیدار راسپاردەی خۆیان پێشكەش دەكەن، وەك كۆمسیۆن چەندان راپۆرتمان داوەتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی جێبەجێكردنی عێراق بۆ بنەماكانی مافی مرۆڤ، چەندان تێبینی و راسپاردەمان بەرز كردووەتەوە و ئاماژەمان بۆ بوونی كێشە لە چەندان مافی مرۆڤ لە عێراق كردووە. 

بەگشتی مافی مرۆڤ لە عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە عێراق خۆی پێوە پابەند كردووە لە رێی چوونی بۆ ناو چەندان رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی، چاوەڕوان دەكەین رێوشوێنی كاراتر لەوبارەوە وەربگیرێت بۆ جێبەجێكردنی پێوەرەكانی مافی مرۆڤەوە. 


* گەندەڵی هۆكارێكی گرنگە بۆ كەمكردنەوەی رەچاوكردنی مافی مرۆڤ لە عێراقدا. 

*تاوانێكی زۆر بەهۆی تایفیی و تیرۆرەوە ئەنجام دراون تا ئاستی تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگ.

*ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكان هات، تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوان لە دژی مرۆڤ بوو و ئەو تاوانەنەش لە بڕیارەكانی نێودەوڵەتی جێگیر كراون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل