موڵكەكانی ئێران لە كەنەدا فرۆشران و بە قوربانیانی تیرۆریزم دران

:: AM:10:19:14/09/2019 ‌

بە بڕیاری دادگا بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار لە موڵكەكانی ئێران لە كەنەدا فرۆشران و پارەكەیان بە قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەكانی حەماس و حزبوڵا دران كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن. 

یەكێك لە خانووەكانی ئێران لە پایتەختی كەنەدا بە 26 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار فرۆشراوە. هەندێك موڵكی تریش فرۆشراون كە كۆی داهاتەكە دەگەیەنێتە 28 ملیۆن دۆلار. 

یەكێتی دژە تیرۆری كەنەدا هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی یارمەتی قوربانیانی تیرۆر بدات و هەموو ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە تیرۆر دەكەن ناچار بكات قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە.

دێنی ئایزن گوتەبێژی ئەم یەكێتییە گوتوویەتی، ئێران بە بێ سڵكردنەوە ملیاران دۆلاری داوەتە رێكخراوە تیرۆریستییەكان تا هێرشی تیرۆریستی پێ ئەنجام بدەن.

فرۆشتنی موڵك و ماڵی ئێران لەو وڵاتە دواین قۆناغی جێبەجێكردنی ئەم سكاڵایە بوو كە حەوت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن قوربانیانی تیرۆریزمەوە بەرز كرایەوە. ئەوكات كەنەدا ئێران بە پاڵپشتی تیرۆریزم ناساند.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلی" بە پێی یاسایەك كە كەنەدا دەری كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان دەكرێ سوود لە موڵك و ماڵی وڵاتان وەربگیرێت جگە لە ناوەندە دیپلۆماسییەكانی وەك باڵوێزخانە و كونسوڵخانە كە كەس بۆی نییە بیانفرۆشێت.

جگە لە فرۆشتنی موڵك و ماڵی ئێران، كەنەدا دەستی بەسەر ئەو برە پارەیەی ئێرانیشدا گرتووە كە لە بانكەكانی كەنەدایە و بۆ هەمان مەبەست سوودی لێ وەردەگرێت.



وشە - سلێمان تاشان