لەسەر مەترێك زەوی پۆلیسێك پۆلیسێكی تر دەكوژێت و برایەكیشی بریندار دەكات

:: AM:11:25:14/09/2019 ‌
لەسەر مەترێك زەوی مشتومڕ دەكەوێتە نێوان دوو هاوسێ كە هەردووكیان بەیەكەوە لەیەك بنكەدا پۆلیسن، یەكێكیان بە دەمانچەی ئەوەی تر دەكوژێت و برایەكیشی بریندار دەكات. بەڕێوەبەری شارەدێی دارەشەكران دەڵێ، پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و دۆسیەكە رێكاری یاسایی خۆی وەرگرتووە.

پاش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی 13ی ئەیلوول، دوو پۆلیس كە پلەیان مفەوەزە لە بنكەی پۆلیسی شارەدێی دارەشەكران، دانیشتووی گوندی (قەرەقاجین)ـی ناوەندی شارەدێیەكەن لە دەڤەری زرارەتی، لەسەر مەترێك زەوی دەبێتە مشتومڕیان و بەهۆیەوە (د. ب. ع) بە دەمانچە تەقە لە (ح. م. ح) دەكات و دەستبەجێ دەیكوژێت.

بەقسەی خەڵكی گوندەكە بێت، رووداوەكە پێشینەی چەند ساڵێكی هەیە و ئەو دوو بنەماڵەیە هاوسێی یەكترن، تەنانەت بە ژنیش تێكەڵاویان هەیە.

رووداوەكە لەو كاتەدا بووە كە هەردووكیان لە ئەركی پۆلیسی نەبوونە، كوژراوەكە لەگەڵ برایەكەی كە ئەویش دەگوترێ سێ فیشەكی بە قاچی كەوتووە و بریندار بووە، ئێستە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدایە، بە بكوژەكەیان گوتووە كە دیوارێكی نێوان هەردوو خانوو هەبووە، تێكی دەدەن بۆ ئەوەی رێگەی هاتوچۆی بارهەڵگر ببێتەوە، دواتر دیوارەكە چاك دەكەنەوە، لەسەر ئەمە دەبێتە دەنگە دەنگیان و (د. ب. ع) بە دەمانچە هەڕەشە لە (ح. م. ح) و (م. م. ح)ـی برای دەكات، پاشان سێ فیشەك لە سنگی (ح.م.ح) دەدات و دەستبەجێ لەوێ گیان لە دەست دەدات و چەند فیشەكێكیش لە قاچی براكەی دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەكان دوای رووداوەكە (د. ب. ع) خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، ماڵی باوكیشی گوندەكەیان جێهێشتووە، ئەوەی كە برینداریش بووە ئێستە لە نەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردایە و كوژراوەكەش شەوی رابردوو دوای هێنانەوەی تەرمەكەی لە پزیشكی دادی، بە گۆڕستانی گوندەكە بە خاك دەسپێردرێت.

ئەحمەد نەبی ئیسماعیل بەڕێوەبەری شارەدێی دارەشەكران، رووداوەكەی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە كە هەردووكیشیان پۆلیسن لە بنكەی پۆلیسی دارەشەكران، بەڵام ئەوەی رەت كردەوە پێشینەی ناخۆشی لەنێوان ئەو دوو خێزانە هەبوو بێت، گوتی "یەكێكیان بەنیاز بوو چەند رێزێك لە دیوارەكە بڕووخێنێت تا قەلاب بتوانێت خۆڵ بگەیەنێت بە حەوشەكەی ئەو ماڵە، لەسەر ئەوە بووەتە دەمەقاڵی و رووداوەكە رووی داوە".

بەڕێوەبەری شارەدێی دارەشەكران، ئەوەشی خستەڕوو كە بكوژ خۆی رادەست كردووە و ئێستە پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و دۆسیەكە رێكاری یاسایی خۆی وەرگرتووە.




وشە - وشه‌