گرانی سندوق جووتیارانی پێنجوێنی سڕ کردووە

:: PM:03:54:14/09/2019 ‌

بەهۆی پێگەیشتنی زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییە هاوینەكان لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، نرخی ئەو سندوقانەی رۆژانە لەلایەن جووتیارانەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەكانیان بەكار دەهێندرێت، بەرز بۆتەوە و لیژنەی ئابووریش هۆشداری دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، زانا رێبوار یەكێك لە جووتیارانی ناوچەی چەمی شلێری پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمێكی زۆری جووتیاران لە سنوورەكەماندا پێگەیشتووە، ئەمەش پێویستی بە سندوقێكی زۆر هەیە، بەتایبەتی بۆ بەرهەمەكانی وەک تەماتە، كاڵەك، كولەكە و خەیار.

روونی دەکاتەوە، ئەمڕۆ جوتێك سندوقی رەشم بە نزیكەی دوو هەزار دینار دەستكەوتووە، كە ئەوەش رێژەیەكی زۆرە و پێویستە چارەسەرێكی بەپەلەی بۆ بدۆزرێتەوە، لەكاتێكدا ساڵی پار هەم رێژەی سندووق لە ناوچەکە زۆر بوو و هەم نرخەكەشی بۆ جووتێك لە هەزار دینار تێپەڕی نەدەکرد.

فاتح رەحیم، فرۆشیاری سندوق لە بازاڕی پێنجوێن بۆ "وشە" ئاشکرای کرد، هەرچەندە ژمارەیەك كارگەی ناوخۆیی لە سنوورەكەماندا رۆژانە سندوق دروست دەكەن و دەیخەنە بازاڕەوە، بەڵام ئەوە فریای زۆریی بەرهەمی جووتیاران ناكەوێت و ئێمەش وەك هەوڵێك لە دەرەوەی پێنجوێن سندوقێكی زۆرمان هاوردە كردووە و هۆكاری گرانی نرخەكەشی پێوەندی بەوەیە، ئەو سندوقانەی دەیهێنن، لەتارانەوە تا مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كرێی هاتوچۆ و ئوتومبێل بۆ تەنێك 400 هەزار دیناری عێراقی لەسەرمان دەكەوێت، جگە لە تێچوونی تری باركردن و ئەو كەسانەی بۆمانی دەهێنن.

سەروەر كەریم، لێپرسراوی بەشی ئابووری لە قایمقامیەتی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە ئاگادارین كە نرخی سندوق ئەمساڵ زۆر زیادی كردووە، بەڵام رۆژانە بەسەر كارگەکان و ئەو شوێنانە دەگەڕێین و پێمان گوتون كە ناكرێت بۆ جووتێك سندوقی رەش لە1400 دینار زیاتر لە جووتیاران وەربگیرێت.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر بزانین نرخەكان بەرز دەكرێتەوە، وەك قایمقامیەت داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەكەین كە رێگە بە هاوردەركردنی سندوق بدەن بە گومرگێكی كەم، تا بە كەمترین نرخ بگاتە دەستی جووتیارانی ناوچەكەمان.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران بۆ هەڵگرتن و ساغكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان، پەنایان بۆ بەكارهێنانی سندوقی رەش بردووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان