كتێبخانەی گشتیی كەلار نۆژەن دەكرێتەوە

:: PM:04:32:14/09/2019 ‌
بۆ ئاسانكاری بۆ خوێنەران و كارمەندی كتێبخانەكە، لە ناوەندی كتێبخانەی گشتی كەلار هەڵمەتێك بۆ پۆلێنكردن و گۆڕینی شوێنی هەڵگرتنی كتێب لەكتێبخانەی كەلار دەستی پێ كرد و تا تەواوبوونی كارەكانیش هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێ.

جیهان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەكە بە "وشە"ی  راگەیاند، بۆ دیاریكردنی كتێبی ناو بەشەكانی كتێبخانەی گشتی كەلار لە دوێنێوە دەستمان كرد بە سەرلەنوێ پۆلێنكردنەوەی كتێبەكانی ناو كتێبخانەی گشتی كەلار.

زیاتر گوتی، بۆ هەر بەشێك لە بەشەكانی ناو كتێبخانەكە، وەك بەشی مێژوو یان جیۆگرافیا، ئاینی، سیاسی، ئابووری، رامیاری، زمانەوانی، كۆمەڵایەتی، زانستی، كولتووری بەشێوەیەكی باشتر و بەپێی جیاكردنەوەی كتێبی زمانە جیاوازەكان رێكیان دەخەینەوە.

بەڕێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی گەرمیان رای گەیاند، پێشتر كتێبەكان لە شوێنی بەرزتر هەڵگیرابوون، رەفی كتێبەكانیش بچووكتر دەكەینەوە بۆ ئەوەی خوێنەر لەكاتی خواستنی كتێبدا لەلایەن كارمەندی كتێبخانەوە یا خوێنەرەوە گرفتی نەیەتە پێش.

 تا ئێستە كتێبخانەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان كە حەوت كتێبخانەن، نەكراون بە ئەلیكترۆنی، بۆیە دەبێت بەشێوەی دیاریكردنی سەرچاوە لە بەشی سەرچاوەكان و دواتر لە هۆڵی كتێبەكان سەرچاوە ئاراستەی خوێنەر بكرێن.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم