"جوانی شاراوە" ناوی پێشانگەیەكی هونەری نێودەوڵەتییە و تێیدا چەندین تابلۆ نمایش دەكرێت و ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار لەعێراق و كوردستان لەشاری هەولێر دەكرێتەوە.
لەو بارەیەوە تاكە فۆتۆگرافەری كوردی بەشداربووی ئەو پێشانگەیە ئاكام شێخ هادی بە "وشە"ی راگەیاند: جوانی شاراوە ناوی یەكەم پێشانگەی هونەریمانە كە پێشانگەیەكی نێودەوڵەتییە و بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لەناو ماڵی گەورە بازرگانی سەدەی هەژدەم ساڵح چەلەبی لەناو قەڵای هەولێر دەكرێتەوە.
ئەو قەڵایە لە لیستی رێكخراوی یونسكۆ لەساڵی 2014 وەك میراتێكی مرۆڤایەتی جیهانی تۆمار كراوە ، ئەو شوێنەوارە مێژووییە دەور دراوە بەشوورەیەكی بەهێز و لەسەر لووتكەی گردێكی بەرزی شێوە هێلكەیی دامەزراوە و بەسەر هەولێر دەڕوانێت، ئەو پێشانگەیە كەپێشانگەیەكی نێودەوڵەتییە یەكەمجارە لەو شوێنە دەكرێتەوە .
ئەو پێشانگەیە لەلایەن هونەرمەند فیلیپ ڤان كهوتێرن سەرپەرشتی دەكرێت كە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی K.A.M.Sییە، پێشانگەیەكە پێنچ هونەرمەندی هاوچەرخی عێراقی دەگرێتەخۆ لەسەرانسەری عێراق و هەندەرانیشەوە، هونەرمەندە بەشداربووەكان لە هەریەك لەبوارەكانی راگەیاندن و پێشانگەییدا كاردەكەن، ئەو پێشانگەیە هەندێك كاری تریش لەخۆدەگرێت كە بەتایبەتی بۆی بەرهەمهێنراون، هەروەها هەندێك كاری تریش لەخۆدەگرێت كە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر فەرامۆش كرابوون بۆ جارێكی تر دۆزراونەتەوە و نمایش دەكرێن تێیدا.
شێخ هادی ئاماژەی بەوەشدا، پێشانگەكەمان هاوبەش و هاوكات دەبێت لەگەڵ نمایشكردنی زیاتر لە 500 تابلۆ كە لەلایەن ئاوارەكانی باكوری عێراقەوە كێشراون، هونەرمەندی ناسراوی جیهانی ئای وی وی هەندێك لەو تابلۆ و نیگارانەی هەڵبژاردووە بۆ بڵاوكراوەی هونەری بەناوی شوێنەوارەكانی مانەوە .
وەك ئەو دەڵێ، "پێشانگەی جوانی شاراوە لەپەردەیەكی زۆر ناسك دەچێت كە سەرجەمی ئەو شەپۆڵ و لەرینەوانەی كار و چالاكییە هونەرییەكان تۆمار دەكات ، بەهۆیەوە گوزارشت لەبارودۆخی ئێستەی عێراق و هونەر دەكرێت لەو وڵاتەدا ".
ئەو روونی كردەوە، ئەو كارە هونەرییانەی لەو پێشانگەیەدا نمایش دەكرێن ئاماژەیەكن بۆ بابەتە نائاسایی و چاوەڕوان نەكراوەكان ، هەروەها ئاماژەیەكن بۆ حەتمیەتی شاراوەیی هونەرمەندانی عێراقی لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا، ئامانج لەهەڵبژاردنی ئەو ناونیشانەی كە مانا و شیكاری بێسنور لەخۆی دەگرێت بریتییە لە دۆزینەوە و پەردە هەڵدانەوە لەسەر كۆمەڵێك ڕێگای جۆراوجۆری نزیك بوونەوە و ئاوێزانبوون لەگەڵ هونەر، لەوڵاتێكدا گیراونەتە بەر كە هەمیشە ڕووبەرووی جەنگ و جینۆساید و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بووەتەوە و لەم سێ ساڵەی دواییشدا لەگەڵ دەركەوتنی داعشدا ڕووبەڕوو بووەتەوە، لەسەردەمی ئەو وێرانكارییە سیستەماتیكەی میراتی كەلتووری وڵاتی عێراق لەلایەن داعشەوە و بینینی ئەو وێرانكردنەی میراتی مێژوویی دێرینی چەندین سەدەی شوێنەوارە مێژووییەكان لەشاری حەزەر و نەینەوا هەروەها ڕووداوەكانی مۆزەخانەی موسڵ ، وایان كردووە كە ئێستە لە هەموو كاتێك گرنگتر بێت و تیشك بخرێتە سەر ئەو هونەرمەندانەی لەناو عێراقدا بەردەوامن لەكاری هونەری .
ئاكام شێخ هادی دەڵێ، "هونەرمەندانی بەشداربوو لەو پێشانگەیە لە دوو نەوەی هونەرمەندانی بواری هونەری فۆتۆگرافی عێراقی پێكدێن ، وەك من و هونەمەندان لەتیف ئەلعانی و هونەرمەند خاتوو ڕەباب غەززول و هونەرمەند سەڵام عەتا سەبری و نیگاركێش حەیدەر جەببار ".
ئاكام شێخ هادی لەدایكبووی ساڵی 1985ەو لەبواری هونەری میدیای هەمەڕەنگی بینراودا كاردەكات و لەشاری سلێمانی دەژیت، بەشداری لەكۆمەڵێك فیستیڤاڵی هونەری كردووە لەئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەك لە هونەرمەندانی بەشداربوو لەتیف ئەلعانی لەدایكبووی ساڵی 1932 كە بە یەكێك لەباوكە دامەزرێنەرەكانی هونەری فۆتۆگرافی دادەنرێت لەعێراق لەگەڵ سەڵام عەتا سەبری لەدایكبووی ساڵی 1953 كە مامۆستایە لەپەیمانگەی هونەری فۆلكلۆری لەشاری بەغدا و هەردووكیان لە بەغدا دەژین، هەریەك لەهونەرمەندان حەیدەر جەببار لەدایكبووی ساڵی 1986 كە سەرەتای ئەزموونی لەبواری هونەری فیلمسازی دەستی پێكرد لەگەڵ هونەرمەند ڕەباب غەززول لەدایكبووی ساڵی 1970 كە هونەرمەندێكی بواری هونەری شێوەكارییە لەدەرەوەی عێراق لە بەلجیكا و وێڵز لە بەریتانیا كاردەكەن.
دەزگای روئیا رێكخراوێكی تۆماركراوی قازانج نەویستی ناحكومی عێراقییە و لەساڵی 2012دا بەمەبەستی یارمەتیدان و دەوڵەمەندكردنی بواری ڕۆشنبیری لەعێراق و دروستكردنی پردێكی ڕۆشنبیریانەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا دامەزراوە ، ئامانجی هەرە سەرەكی بریتییە لەبرەودان بەبواری ڕۆشنبیری لەعێراق .
ئەو پێشانگەیە ئەمڕۆ پێنچشەم 19ی كانوونی دووەمی 2017 دەكرێتەوە و تا 16ی شوبات بەردەوام دەبێت لەقەڵای هەولێر لەسەنتەری مێژوویی ناوەڕاستی شاری هەولێر ، ڕۆژانە سەعات 9:30 دەكرێتەوە و تا سەعات 6:30 بەردەوام دەبێت.
وشە/ شاخەوان شێخانی