پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ حەوت پڕۆژە یاسا كرد

:: PM:07:49:14/09/2019 ‌

ئەمڕۆ شەموو پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی وەرزی یەكەمی دووەم ساڵی یاسادانانی خولی چوارەمی خۆی ساز كرد كە محەمەد حەلبووسی سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی كرد و 240 پەرلەمانتاریش ئامادەی بوون، دانیشتنەكە بە خوێندنەوەی حەوت پڕۆژە یاسا كۆتایی هات و دانیشتنی داهاتوو دووشەم سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ دەبێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای دانیشتنەكە باسی كوژرانی ئیمام حوسێن و قوربانیانی رێورەسمەكەی كەربەلا و قەرەبووكردنەوەیان كرا، دواتر باسی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە رێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و یەكێكیتر بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی ونبووەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و دەركردنی چەند یاسایەكی گرنگ لەوانە هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی و هەموواركردنەوەی یاسای نەزاهە و راژەی مەدەن و بیمەی تەندروستی و هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت و یاسای گەیانمدن و زانیاری و دادگای فیدراڵ و وەبەرهێنان و دەستەی پیشەسازی سەربازی، هەروەها قسەكردن لەگەڵ حكوومەت بۆ رەوانەكردنی یاساكانی خانە نشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی و چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون و نەوت و گاز و ئەنجوومەنی ئاوەدانكردنەوە و بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان.

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پێشنیازی یاسای یەكەم هەموواری یاسای چاندنی ئەندامی لەشی مرۆڤ و رێگرتن لە بازرگانی پێوەی كرد، هەروەها خوێندنەوەی بۆ پڕۆژە یاسای پەسندكردنی پرۆتۆكۆلی ساڵی 2014 و پڕۆژە یاسای چوونی عێراق بۆ رێككەوتنی پاراستنی دایكایەتی و پڕۆژە یاسای پەسندكردنی رێككەوتنی بەخشینی هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە ڤیزە لە نێوان عێراق و سڕبیا، خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای چوونی عێراق بۆ رێككەوتنی یۆنسكۆ لەبارەی پاراستنی كولتووری نقووم بوو بەئاو و پڕۆژە یاسای پەسندكردنی رێككەوتنی وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و سعوودیە و پڕۆژە یاسای هاوبەشی نێوان هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل