کەمپەینێک بۆ پاراستنی مافی کرێکاران راگه‌یه‌نرا

:: PM:08:03:14/09/2019 ‌
ئەنجوومەنی یەکبوونی کۆمەڵایەتی لە شاری سلێمانی دەستیکرد بە دابەشکردنی فۆڕم بەسەر کرێکاراندا تا لەو ڕێیەوە هەوڵبدەن مافەکانیان بۆ بگێڕنەوە یا مافەکانیان بپارێزن.

تریفە عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی یەکبوونی کۆمەڵایەتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، کەمپینەکەمان ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و لە ڕۆژانی ١٤ ،١٥،١٦ ی بەردەوام دەبێت ڕۆژی یەکەمی کەمپینەکە لە بەردەم باخی گشتی و دووەم ڕۆژ لەبەردەم کاسۆمۆڵ و ڕۆژی سێیەم لە شەقامی سالم دەبێت کە بە سەھۆڵەکەی سلێمانی ناسراوە و زیاتر ئەو جێگایانەمان ھەڵبژاردووە کە کرێکارانی لێ کۆدەبنەوە .

 " لە کەمپینەکەماندا فۆرم دابەشدەکرێت بۆ کرێکاران و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ئێمە دەبینە پارێزەری مافەکانیان" تریفە وای گوت.

ئاماژەی بەوەشدا: لە دوای تەواوبوونی سێ ڕۆژی کەمپینەکە ھەڵدەستین بە سازدانی مێزگردێک لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار کە کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن و ڕاھێنانی پیشەیی و سەندیکای کرێکاران و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و چەند لایەنێکی تر.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی یەکبوونی کۆمەڵایەتیە گوتی: کرێکاران مافیان لەناو گرێبەستەکان و شوێنی کاردا پارێزراو نییە و ھەندێک کرێکار گرێبەستیان بۆ نەکراوە تاوەکو لە کاتی ڕووداوەکاندا بە پێی گرێبەستەکە مامەڵە لەگەڵ خاوەن کاردا بکرێت، بۆیە ئێمەش هەوڵدەدەین لە ڕێگای ئەم فۆڕمەوە ھۆشیاری بە کرێکاران بدەین و مافی کرێکار و خاوەنکاریش بپارێزرێت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم