ئەنكەرە.. چارەنووسی ئیدلب توركیا و رووسیا و ئێران كۆ دەكاتەوە

:: PM:10:21:14/09/2019 ‌

لەو كاتەی دیاریكردنی چارەنووسی ئیدلب وەك دوا پێگەی دەستی گرووپەكانی سەر بە توركیا لە سووریا خەریكە یەكلا دەبێتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دووپاتی كردەوە كە پەرەسەندنەكانی دۆخی ئیدلب دەبێتە تەوەری گفتوگۆكانی لووتكەی سیانی توركیا و رووسیا و ئێران كە دووشەم ئەنكەرە مێوانداری دەكات.  

ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ دوێنێ هەینی گوتی، كارەكانی لووتكەی سیانی كە لە ئەنكەرە لە نێوان سەرانی توركیا و رووسیا و ئێران دێتە سازكردن، بەردەوامی گفتوگۆی ئەوانە لەبارەی تەنژەی سووریا، لەو لووتكەیە باسی هێرشەكانی دوایی بۆ سەر ئەو ناوچەیە و خاڵەكانی چاودێری تەناهی توركیا لە ناوچەكە دەكەین.

توركیا 12 خاڵی چاودێریكردنی تەناهی لە ناوچەی ئارام لە ئیدلب دامەزراندووە لەسەر بنەمای گفتوگۆكانی ئەستانە 2017 كە هەرسێ ولات سەرپەرشتی دەكەن، ئەردۆغان روونی كردەوە كە هەروەها لەو لووتكەكە باسی چۆنیەتی نەهێشتنی گرووپە تیرۆریستییەكان دەكەن كە لە هەندێك ناوچەی ئیدلب بوونیان هەیە.

مۆسكۆ توركیا بەوە تۆمەتبار دەكات كە نەیتوانیوە پابەندی بەڵێنەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنی سووچی بێت لەبارەی ناوچەی ئارامی ئیدلب بە پاشەكشەكردنی گرووپە تیرۆریستییەكان لەو ناوچانە لەوانە بەرەی نوسڕە، هەروەها هەوڵ دەدات رێگەی نێودەوڵەتی لە نێوان دیمەشق و حەلەب و لازقییە بكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل