پۆمپیۆ ئێران بە هێرشكردنە سەر نەوتی سعوودیە تۆمەتبار دەكات

:: PM:11:40:14/09/2019 ‌

ئەمڕۆ دوو گەورە پاڵاوگەی نەوتی سعوودیە دووچاری هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی حوسییەكانی یەمەن هاتنەوە و بەو هۆیەوە هەناردنی نەوتی سعوودیە كاری تێ كرا، مایك پۆمپۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئێرانی بە هێرشەكە تۆمەتبار كرد.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە سەرەڕای داواكان بۆ ئێران بۆ وەستاندنی پەرەسەندن، بەڵام هێرشێكی گەورەی كردە سەر سەرچاوەیەكی نەوتی دنیا، بۆیە پێویستە هەموو وڵاتان سەركۆنەی ئەو هێرشە روون و ئاشكرایە بكەن.

دووپاتی كردەوە، ئێران لەپشت نزیكەی 100 هێرشە بۆ سەر سعوودیە، لەوكاتەی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران و جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پابەندن بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان.

لای خۆیەوە دوای هێرشەكەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی پێوەندی بە محەمەد كوڕی سەلمانی شازادەی جێنشینی سعوودیە كرد و ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان دا بۆ هاوكاریكردنی سعوودیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی و دووپاتی لە كاریگەری نەرێنی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئابووری ئەمەریكا و دنیا كردەوە. 

لای خۆیەوە ئەلبێرتۆ میگویل فرناندز بەڕێوەبەری كەناڵی حوڕە و دیپلۆماتكاری پێشووی ئەمەریكا لە تویتێكدا رای گەیاند كە ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانەی هێرشیان كردووەتە سەر دامەزراوەكانی نەوتی سعوودیە لە عێراقەوە هێرشیان ئەنجامداوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل