هەواڵی مانەوەی میسی لە یانەی بەرشەلۆنە رەت كرایەوە

:: AM:10:14:19/01/2017 ‌

رۆژنامەنووسێكی ئیسپانی رەتی كردەوە چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی كردبێت و پێی راگەیاندبێت كە لە یانەی بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە.

دوێنێ چوارشەم وارگەی (كوچ ماچ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە كە میسی لە چاوپێكەتنێكی رۆژنامەوانیدا پێیانی راگەیاندووە لە یانەی بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە و گرێبەستەكەی درێژ دەكاتەوە.

وارگەكە بڵاویشی كردبووەوە كە میسی چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی لەگەڵ پەیامنێرەكەیان دییگۆ جۆكاس كردووە و لەو چاوپێكەوتنەدا باسی لە درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید كردووە.

میسی لە چاوپێكەوتنەكەدا گوتبووی: یانەی بەرشەلۆنە هەموو شتێكی پێ بەخشیوم، بۆیە هەر لەو یانەیە دەمێنمەوە تا ئەو كاتەی یانەكە پێویستی بە من بێت.

لەمباریەوە پەیامنێرەكە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاوی كردەوە كە نە چاوپێكەوتنی لەگەڵ میسی كردووە و نە وەك رۆژنامەنووس و پەیامنێر بۆ وارگەی كۆچ ماچ كار دەكات.

لای خۆیەوە وارگەكە هەر دوای كەمێك لە بڵاوكردنەوە هەواڵەكەی لابردووە و لەمبارەیەشەوە نووسیویەتی: گومانمان لە سەرچاوەی هەواڵەكە هەبووە بۆیە لەسەر وارگەكەمان رەش كردووەتەوە و بێگومان دواتریش لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر دەكەین.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆیەكی زۆر لەسەر مانەوە و رۆیشتنی میسی لە رۆژنامەكان بڵاو دەكرانەوە، هەندێ لە رۆژنامەكانیش جەختیان كردبووەوە كە ئەم وەرزە دوایین وەرزی یاریكردنی میسی دەبێت لە یانەی بەرشەلۆنە و وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە خولی نایابی ئینگلیزی و یانەی مانچستەر سیتییەوە دەكات.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م