لەسەر قەرەباڵغییە زۆرەكەی حاجی ئۆمەران ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:09:08:15/09/2019 ‌
بەرپرسێكی دەروازەی حاجی ئۆمەران ڕوونكردنەوە دەدات لەسەر دروستبوونی قەرەباڵغییەكی زۆر لە دەروازە و ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەكاتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە لەسەر داخستنی.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی ئەیلوول، سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران  بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، قەرەباڵغییەكە ماوەی سێ رۆژە لەسەر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دروست بووە.

گوتەبێژەكە گوتی، لە هەفتەی رابردوو هەزار و 500 گەشتیار رۆیشتبێت، ئێستە ئەو ژمارەیە بووەتە زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار.
 
ڕوونی كردەوە، نزیكبوونەوە و تەواوبوونی پشووی قوتابخانەكانیش هۆكارێكی ترە بۆ زۆربوونی گەشتیار و گەشتی خێزانی لە دەروازەكە زۆر بووە و پارەی ئێرانیش بەرانبەر دراوی عێراقی لاوازە و نرخەكەی كەمە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە قەڵەباڵغییەكی زۆر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروست بووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا وای بڵاو كرایەوە ئەو دەروازەیە داخراوە، لە كاتێك بەرپرسانی ئەو دەروازەیە ڕەتی دەكەنەوە و كارەكان بەردەوامە و هاووڵاتییان گەشتی ئاسایی خۆیان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد