ئه‌فریقا ملیارێك دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى ئیسلامى ته‌رخان ده‌كات

:: AM:09:42:15/09/2019 ‌
كۆمسیۆنى گرووپى ئابوورى رۆژئاواى ئه‌فریقا كه‌ به‌ ئیكواس ناسراوه‌، بڕیارى داوه‌ ملیارێك دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانى سه‌ر به‌ رێكخراوى قاعیده‌ و داعش ته‌رخان بكات.

ئاژانسى رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 15ى ئه‌یلوول بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى كۆمسیۆنى گرووپى ئابوورى وڵاتانى رۆژئاواى ئه‌فریقا، بڕیار دراوه‌ ملیارێك دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆری ئیسلامییه‌كان ته‌رخان بكرێت.

رۆیته‌رز ده‌ڵێ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ئۆجادوجۆى پایته‌ختى بۆركیان فاسۆ بووه‌، هه‌ر 15 ئه‌ندامى كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى مۆریتانیا و چاد له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ بوون، بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌ كیشوه‌ره‌كه‌ بكرێت.

 ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌دواى ئه‌و رووداوانه‌ دێت كه‌ ئه‌مساڵ له‌ كیشوه‌ره‌كه‌ روویان داوه‌ و ده‌رى ده‌خه‌ن تیرۆری ئیسلامى له‌م كیشوه‌ره‌ زیادى كردووه‌ و زۆربه‌ى گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانیش پێوه‌ندییان به‌ رێكخراوى تیرۆریستى داعش و قاعیده‌وه‌ هه‌یه‌.

جان كلود كاسى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى ئیكواس ده‌ڵێ، "هاوكارییه‌ داراییه‌كه‌ به‌ په‌له‌ ده‌بێت و كۆششێكى هاوبه‌شه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر".

گرووپى ئابوورى وڵاتانى رۆژئاواى ئه‌فریقا  Economic Community of West African States له‌ ساڵى 1975 دامه‌زراوه‌.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل