له كۆتایی ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، خه‌ڵكى كه‌ركووك و كورد به‌تایبه‌تى زۆر به كه‌مى كچیان ده‌نارده قوتابخانه، وه‌لێ خاتوو عالیه محه‌مه‌د ئه‌مین نه‌ك هه‌ر قوتابى ده‌بێت، به‌ڵكو فره‌به‌هره ده‌بێت و له دوو بواری گرنگى وه‌ك وه‌رزش و هونه‌رى شانۆ زۆر بوێرانه به‌شدارى له زۆربه‌ى چالاكییه‌كاندا ده‌كات.
عالیه له وه‌رزشدا پله‌ى به‌رز و ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار ده‌كات، له شانۆیشدا شانبه‌شانى هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ره به‌تواناكانى كورد رۆڵى سه‌ره‌كى ده‌بینێت. بۆیه لێره‌دا باسى سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانى ده‌كه‌ین:
* له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه خولیاى وه‌رزش ده‌بێت و له‌گه‌ڵ تیپى قوتابخانه‌كه‌ى له یارییه‌كانی تۆپى باله و تۆپى سه‌به‌ته و تۆپى ده‌ست به‌شداری ده‌كات، هه‌روه‌ها له یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانیش به‌شدارى كردووه.
* له قۆناغى ناوه‌ندی و له ساڵه‌كانى 1971 تا 1974، یه‌ك له یاریزانه سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك بووه، له یارییه‌كانى تۆپى باله، تۆپى سه‌به‌ته، تۆپى ده‌ست، هاوكات به‌شدارى یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى كردووه و له راكردنى 100 مه‌ترى و راكردنى 100×4 مه‌ترى و هه‌ڵدانى ده‌فر و فڕێدانى قورسایی، بۆ ماوه‌ى سێ سالأ پاڵه‌وانێتى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى قوتابخانه ناوه‌ندییه‌كانى كچانی كه‌ركووكى به‌ده‌ست هێناوه.
* له قۆناغى ئاماده‌یی و له ساڵانى 1976 تا 1978دا، دیسان یه‌ك له یاریزانه سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك بووه له یارییه‌كانى تۆپى باله، تۆپى سه‌به‌ته، تۆپى ده‌ست، هاوكات به‌شداریى یارییه‌كانى گۆڕه‌پانى كردووه و له راكردنى 100 مه‌ترى و راكردنى 100×4 مه‌ترى و هه‌ڵدانى ده‌فر و فڕێدانى قورسایی. ناسناوى قاره‌مانێتى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى له‌سه‌ر ئاستى په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك به‌ده‌ست هێناوه و یه‌كه‌مى ئاماده‌ییه‌كانى كچان بووه.
* له ساڵى 1976 چووه‌ته ریزى یانه‌ى وه‌رزشیى سۆلاڤ و به‌شدارى كردووه له یارییه‌كانى تۆپى باله، تۆپى سه‌به‌ته، تۆپى ده‌ست، هاوكات به‌شداریى یارییه‌كانى گۆڕه‌پانى كردووه و له راكردنى 100 مه‌ترى و راكردنى 100×4 مه‌ترى و هه‌ڵدانى ده‌فر و فڕێدانى قورسایی. له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاى كه‌ركووك و یانه‌كانى عێراق، پله‌كانى یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه له‌و یارییانه‌ی كه پێشتر ئاماژه‌مان پێ كردوون.
* له ساڵى 1977 و له خولى نۆیه‌مى وه‌رزشیى قوتابخانه‌كان و له‌سه‌ر ئاستى په‌روه‌رده‌كانى عێراق، پله‌ى یه‌كه‌مى له یاریى هه‌ڵدانى ده‌فر و ژماره‌ی پێوانه‌یى نوێى تۆمار كردووه، تا ئه‌مڕۆیش كه‌س ئه‌و ئاسته‌ى نه‌بڕیوه و هه‌ر به‌ناوى ئه‌م خاتوونه كورده‌وه ماوه.
* له ساڵه‌كانى 1979 تا 1983 كاتێك قوتابى ده‌بێت له زانكۆى سلێمانى و دواتر ده‌گوازرێته‌وه بۆ شارى هه‌ولێر و ده‌بێت به زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، بۆ ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه له‌سه‌ریه‌ك پاڵه‌وانى زانكۆ ده‌بێت له یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان.
چالاكییه شانۆییه‌كانى:
پاش رێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئادارى ساڵى 1970 كه جۆره دیموكراسییه‌ك درا به گه‌لانى عێراق به‌گشتى و كورد به‌تایبه‌تى، هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانى كورد له كه‌ركووك ده‌كه‌ونه چالاكى و سێ تیپى شانۆیی داده‌مه‌زرێنن، له‌وانه:
تیپى نواندنى مه‌شخه‌ڵ.
تیپى یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان/ لقى كه‌ركووك بۆ نواندن.
تیپى كۆمه‌ڵى هونه‌ر و وێژه‌ى كوردى/ لقى كه‌ركووك بۆ نواندن.
سه‌ربارى ئه‌و تیپانه و پاش كردنه‌وه‌ى خوێندنى كوردى له‌و شاره، چه‌ندان تیپى هونه‌رى له قوتابخانه‌كان هاتنه دامه‌زراندن و تیپێكى شانۆیی سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌ركووك به‌شى خوێندنى كوردى بۆ قوتابییه كچه‌كانى هه‌ردوو قۆناغى ناوه‌ندى و ئاماده‌یی داده‌مه‌زرێنرێت، ده‌رهێنه‌ر سه‌لمان فایه‌ق كاكه‌یى ده‌كرێت به سه‌رپه‌رشتیارى ئه‌و تیپه و عالیه محه‌مه‌د ئه‌مین كه ئه‌وكات قوتابى ئاماده‌یی 11ى ئادارى كچان ده‌بێت، رۆڵی پاڵه‌وانى سه‌ره‌كى ده‌بینێت له سه‌رجه‌م نمایشه شانۆییه‌كان به زمانه‌كانى كوردى و عه‌ره‌بى.
* له ساڵى 1972 شانبه‌شانى هونه‌رمه‌ندان دكتۆر فازڵ جاف و جیهاد دڵپاك و له ده‌رهێنانى سه‌لمان فایه‌ق كاكه‌یى، رۆڵى سه‌ره‌كى ده‌بینێت له شانۆگه‌ریى "كیژه لاڵه‌كه".
* له نێوان ساڵانى 1971 _ 1974 به‌شدارى له چه‌ندان نمایشى شانۆیی ده‌كات له‌گه‌ڵ تیپى شانۆی یه‌كێتى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان/ لقى كه‌ركووك.
* ساڵى 1981 ئه‌وكاته‌ى قوتابى ده‌بێت له زانكۆى سلێمانى، له‌گه‌ڵ تیپى نواندنى سلێمانى رۆڵى پاڵه‌وانى سه‌ره‌كى ده‌بینێت له شانۆگه‌ریى "دوو ڕه‌گ" له ده‌رهێنانى دكتۆر فازڵ جاف.
* به‌درێژایی ساڵانى خوێندنى له زانكۆى سلێمانى و سه‌ڵاحه‌دین، له‌گه‌ڵ تیپى زانكۆ به‌شداریى چه‌ندان شانۆگه‌رى ده‌كات.
عالیه محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌ره‌ڕاى ئه‌و بوارانه‌ى ئاماژه‌مان پێ كردن، له دواى ده‌رچوونى به‌یاننامه‌ى 11ى ئادارى ساڵى 1970، پێوه‌ندى ده‌كات به ریزه‌كانى پارتی دیموكراتی كوردستان و له رێكخراوه‌كانى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان و یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان ده‌بێت به ئه‌ندام، له ساڵانی 1971 - 1974 لێپرسراوى یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان بووه له ناوه‌ندى 11ى ئادارى كچان. له ساڵى 1974 پێوه‌ندی راسته‌وخۆى كردووه به شۆڕشى ئه‌یلووله‌وه و بووه به پێشمه‌رگه.
عالیه محه‌مه‌د ئه‌مین له ساڵى 1957 له شارى كه‌ركووك له دایك بووه و هه‌ر له‌و شاره خوێندنى سه‌ره‌تایى و ئاماده‌یى ته‌واو كردووه. ده‌رچووى به‌شى كۆمه‌ڵناسى كۆلێژى ئادابى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دینه. ماوه‌یه‌ك له دادگاى كه‌ركووك كارمه‌ند بووه و پاشان له‌به‌ر چالاكى سیاسى دوور ده‌خرێته‌وه، ئیتر به‌ره‌و سوید كۆچ ده‌كات و تا ئێسته‌یش له‌و وڵاته ده‌ژی.
به زمانى عه‌ره‌بی شیعر ده‌نووسێت و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵپه‌ڕه‌كان به‌ناوى "عالیه میرزا" بڵاویان ده‌كاته‌وه.
وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌بارى