سەرژمێری گشتی لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

:: PM:01:36:15/09/2019 ‌

کۆبوونەوەی دەستەی سەرژمێری گشتی عێراق بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەکەدا و بڕیار درا سەرژمێرییەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئەیلوول، کۆبوونەوەی دەستەی سەرژمێری عێراق بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا بەڕێوەچوو و لەدوای کۆبوونەوەکە نووری سەباح دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند،کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێکارە تەکنیکییەکان بوو تا بتوانین لە وادەی دیاریکراو "مانگی 10ی ساڵی 2020" سەرژمێری ئەنجام بدەین.

وەزیری پلاندانانی عێراق لەبارەی سکاڵای پێکهاتەکانی عێراق لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکە گوتی، تێبینی هەموو پێکهاتەکان بە هەند وەردەگرین و رەچاوی مافی هەموو لایەک دەکەین.

لەدوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، سیروان محەمەد ئەندامی شاندی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە میدیاکانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژەی سەرژمێری کراوە و بابەتی بودجە و وەبەرهێنان لە پڕۆژەکە تاوتوێ کرا، هەروەها باسمان لە لۆگۆیەک کرد بۆ سەرژمێرییەکە کە رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و زمانی کوردی تێدابێت.

دووپاتی کردەوە، پرۆسەی سەرژمێری وەک پێشوو بە کاغەز ناکرێت، بەڵکو بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی تر سەبارەت بەو پرسە بەڕێوە بچێت.

ساڵی 1997 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرا کە ناوی 19 ملیۆن کەس بەبێ هەرێمی کوردستان تۆمار کران، لە ساڵانی 2007 و 2010 هەوڵی سەرژمێری لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەکە شکستی هێنا، لە ئێستاشدا، حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە بودجەی 200 ملیار دینار سەرژمێری لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدات.



وشە - هیدایه‌ت جان