بکوژانی راوێژ بە 35 ساڵ زیندان سزا دران

:: PM:02:28:15/09/2019 ‌

ئەمڕۆ یەك شەممە، دادگای سلێمانی سزای زیندانی 15 ساڵ و 20 ساڵی بەسەر بكوژانی ڕاوێژ ساڵح، مێرمنداڵە تەمەن 13 ساڵەكەی سلێمانی كە لە ناوچەی كەنەكەوەی سلێمانی بە بەرد كوژرا، سەپاند و كەسوكارەكەشی نیگەرانن لەو بڕیارەی دادگا و داوای سزای سێدارە دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئەیلول، عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو دوو منداڵە تاوانبارە لە لایەن دادوەرەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنیان خوار 20 ساڵ بوو، سزای سێدارەیان بەسەردا نەسەپێنرا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، یەكێك لە تاوانبارەكان كە خوار 18 ساڵ بووە، بە 15 ساڵ زیندانی و یەكێكی تریشیان كە سەرو 18 ساڵ بووە، بە 20 ساڵ زیندانی سزا دراون.

كەسوكاری ڕاوێژ لە بەردەم دادگای سلێمانی ئامادەی ئەو دادگایە بوون كە دووەم دانیشتنی بەڕێوەچوو، دوای تەواوبوونی دادگاییكردنەكە و بڕیاری دادوەر، نیگەرانی خۆیان لە بریاری دادگا نیشاندا و داوایان كرد سزای سێدارە بەسەر بكوژانی كوڕەكەیان بسەپێنرێت، ئەوان پێیان وایە ئەو جۆرە بڕیارانە وا دەكات تاوانەكانی كوشتن زیادبن بۆیە داوای سێدارەی تاوانبارەكان دەكەن.

نزیكەی چوار مانگ پێش ئێستا، لە ناوچەی كەنەكەوەی شاری سلێمانی، لە لایەن دوو منداڵی خوار تەمەن 20 ساڵ، ڕاوێژ ساڵح كە منداڵێكی تەمەن 13 ساڵ و تاقانەی هەشت خوشك بوو، بە بەرد كوژرا و بە گوتەی لایەنە پێوەندیدارەكان ڕاوێژ لەبەر مۆبایلێك كوژراوە لە لایەن ئەو كەسانەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان