ماوه‌یه‌كه چه‌ند حزبێكی سیاسی و كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیران، به ڕژدی گوتار و كردار و قسه بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئیراده‌ی هه‌رێمی كوردستان به به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان ده‌ڵێن با پێشمه‌رگه بچێ له به‌غدا پاره وه‌ربگرێ، به‌غدا ده‌رگه و ده‌روازه‌ی هه‌رێمی كوردستانه و پێویسته كورد سازش بۆ به‌غدا بكات و نه‌وتی خۆی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات و له هه‌موو شتێك پابه‌ندی مه‌رج و بڕیاره‌كانی به‌غدا بێ، خه‌ڵكێكیش له‌و نێوه‌نده‌دا هاتوونه‌ته ده‌نگ و راده‌ستكردنه‌وه‌ى ئیراده‌ى باشوورى كوردستان به به‌غدا، به مه‌ترسى و هێڵى سوور داده‌نێن.
رۆژی شه‌شی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری هه‌موو ساڵێك، له عێراق به‌هۆی ڕۆژی دامه‌زراندنی سوپای عێراق له ساڵی 1922 ده‌كرێت به پشوو، ئه‌مساڵ كۆمه‌ڵێك ڕێكخراو و كه‌سایه‌تی داوایان كرد ئه‌و پشووه له كوردستان هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه، به‌و هۆیه‌وه كه ئه‌و سوپایه كیمیاباران و ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و ڕاگواستن و به عه‌ره‌بكردن و كۆچی به زۆره‌ملێی به خه‌ڵكی كوردستان كرد، خه‌ڵكێكیش له په‌نای ئازادی و دیموكراتییه‌وه، ئه‌وه به كارێكی ئاسایی ده‌بینن و به‌راوردی ده‌كه‌ن به خراپی و بوونی گه‌نده‌ڵی و كێشه له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و حزبه‌كانیش چوون بۆ به‌غدا و به‌كارهێنانی پرسه نیشتمانییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی به‌كار ده‌هێنن.
مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌دار و كه‌سایه‌تیی ناوداری كورد به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌م حزبانه بوونه كێشه بۆ گه‌لی كوردستان، با له نێوان خۆیاندا دابنیشن، له هیچ وڵاتێك شتی له‌و شێوه‌یه نه‌بووه، ئه‌م هه‌موو كێشه‌یه هه‌بێ و حزبه‌كانیش دانه‌نیشن، پێویسته به‌یه‌كه‌وه له نێوان خۆیاندا دابنیشن، باسی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا و توركیا و په‌كه‌كه و ئه‌گه‌ره‌كانی دواڕۆژ و دوای داعش، ئه‌وه ئیشی ئه‌وانه دابنیشن و به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان له چیدایه ئه‌وه بكه‌ن".
ئه‌و ده‌ڵێ، "پرسه نیشتمانی و باڵاكانی گه‌لی كوردستان تێكه‌ڵ به ململانێ حزبییه‌كان كراوه و منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم، بۆیه پێویسته كۆ ببنه‌وه و ڕێك بكه‌ون و به‌رژه‌وه‌ندی كورد له چیدایه ئه‌وه بكه‌ن".
دیندار نه‌جمان دۆسكی وه‌زیری پێشووی كۆچبه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری ده‌ستكێشاوه له یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، "بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی كورد ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆییش بێ، پێویسته له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ین، به‌ڵام په‌نابردن بۆ به‌غدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ناكۆكی و ململانێی حزبه سیاسییه‌كان، كارێكی خراپه و پێشتریش له مێژووی كورددا ئه‌مه ڕووی داوه و ته‌نانه‌ت له میرنشینه‌كانی كورد كه ناكۆكی له نێوانیان دروست بووه، په‌نایان بۆ دوژمنی خۆیان بردووه، ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی له كوردستان هه‌یه، ناكرێ په‌نابردن بۆ به‌غدا و به‌كارهێنانی وه‌ك كارتی فشار بۆ سه‌ر لایه‌نه‌كانی تر بكرێ به ئامانجی لایه‌نێكی ململانێكاران".
دۆسكى ده‌ڵێ، "ناكرێ ململانێكان به‌رژه‌وه‌ندی و پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانیان تێكه‌ڵ بكرێن و وه‌ك ئامرازێك بدرێت به ده‌ست به‌غداوه، هه‌ندێك شت هه‌ن هێڵی سوورن، ناكرێ بۆ مووچه و ته‌نگژه‌ى دارایی و سیاسی، خه‌ون و ئامانج و پێشڤه‌چوونه‌كانی كورد بخه‌ینه‌وه ده‌ستی به‌غدا، له ڕاستیدا به‌غدا ڕازی نییه مووچه‌ش بدات، به‌ڵكو به‌شێكی بودجه ده‌توانێ بنێردرێ".
ئاماژه‌ی دا، "ئه‌وه‌ی له پشت ئه‌و ڕه‌وته‌یه كه ده‌یانه‌وێ ئیراده‌ی باشووری كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكه‌نه‌وه، ئه‌و ململانێ سیاسییه‌یه كه ئێسته له نێو لایه‌نه‌كاندا هه‌یه، بۆیه ئه‌مه كاردانه‌وه‌ی چاره‌سه‌رنه‌كردنی ته‌نگژه سیاسی و ئابوورییه‌كانی كوردستانه، به‌ڵام ڕه‌وته‌كه زۆر تونده و به‌تایبه‌ت له نێو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان".
دۆسكى زیاتر ده‌ڵێ، "ململانێی سیاسی هه‌ر بووه و هه‌ر ده‌شبێت، به‌ڵام ناكرێ به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی كوردستان بكرێنه قوربانی. لایه‌نێكی تریش هه‌یه كه ڕه‌نگه به‌غداش خۆی هۆكار بێ و بیه‌وێ ناكۆكی له نێوان كورد دروست بكات، به‌تایبه‌ت كه باس له گۆڕانكاری نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه و نه‌مانی وڵاتان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت".