زانیاری لەسەر پێشمەرگە بێسەروشوێنكراوەكانی شەڕی داعش بڵاو دەبێتەوە

:: PM:04:36:15/09/2019 ‌
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە كەسوكاری پێشمەرگە بێسەروشوێنكراوەكانی شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش و رای دەگەێنێت، وەك وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڕان و سۆراخی بێ سەرو شوێنكراوان بەردەوامن و هەوڵەكان چڕتر كراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئەیلوول، بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكاری پێشمەرگە بێسەروشوێنكراوانی شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش كۆبووەتەوە.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەو كۆبوونەوەیەدا ئەمینداری گشتیی وەزارەت هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی و وەزارەتی پێشمەرگەی بە كەسوكاری بێسەرشوێنكراوان راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، لەهەست و ناخی ئەوان تێدەگەن و هەموو رێگایەك دەگرنە بەر بۆ ئەوەی سەرەداوی دۆزینەوەی ئەو پێشمەرگانە بزانن.

لای خۆیانەوە، كەسوكاری پێشمەرگە بێسەروشوێنكراوەكان، داوای لێكۆڵینەوە و گەڕانی زیاتریان كرد لەدۆزینەوەی ئەو پێشمەرگانە، هیواشیان خواست وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵەكانی خۆی لەگەڵ حكوومەتی عیراقی و هاوپەیمانان چڕتر بكاتەوە لەدۆزینەوەی چارەنووسی ئەو پێشمەرگانە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم