ئەو باوکەی کوڕەکەی رزگار کرد بەهۆی زۆری سووتانەکەی گیانی لەدەستدا

:: PM:04:46:15/09/2019 ‌

كارزان حەمەخان، ئەو باوكەی كە هەفتەی ڕابردوو هەوڵی كوژاندنەوەی منداڵەكەی دا تا نەسووتێت و ئاگر لە گیانی خۆی بەربوو، دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سلێمانی و ڕەوانەكردنی بۆ وڵاتی توركیا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی زۆری سووتاوییەكەی گیانی لە دەستدا.

ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئەیلوول، وریا حەمەخان برای پیاوە سووتاوەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، براكەی لە بەنزینخانە كاری كردووە و منداڵەكەشی تا لە كۆڵان و لە ماڵەوە نەبێت، ئەویشی بردووە لەگەڵ خۆی تا ئاگاداری بێت، بەڵام بەهۆی ئاگرەوە منداڵەكەی دەسووتێت و كارزانیش لە حەسرەتی كوژاندنەوەی كوڕەكەی بە جلە بەنزیناوییەكانەوە خۆی دەخاتە ناو ئاگر و تەواوی گیانی دەسووتێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، منداڵەكەی تەمەنی 13 ساڵە و ناوی پەیوەندە، بەشێكی كەم لە جەستەی ئاگر دەگرێت و دەستبەجێ لە لایەن هاووڵاتییانەوە دەكوژێنرێتەوە، بەڵام باوكی بە تەواوی دەسووتێت، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەكرێت.

"كارزانی برامان لە سەرو لە سەدا 90 سووتابوو، پزیشكانی نەخۆشخانەی سلێمانی پێیان ڕاگەیاندین كە نامێنێت، بەڵام ئێمە هەوڵماندا چارەسەری بۆ وەرگرین و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە سلێمانی لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە بردمانە وڵاتی توركیا، بەڵام لەوێش سێ ڕۆژ ماوەیەوە و ئەم نیوەڕۆیە گیانی لە دەستدا"وریا حەمەخان وای گوت.

کارزان حەمەخان تەمەنی 35 ساڵ بوو و لە بەنزینخانەیەكی شارۆكەی چەمچەماڵ وەك كرێكار كاری كردووە، دووشەمی هەفتەی ڕابردوو كاتێك سەرقاڵی بەنزین تێكردن دەبێت لە ناو تانكەرێكەوە بەنزین دەباتە سەربان، لە پڕ بەنزینەكە بەهۆی جگەرەكەیەوە ئاگر دەگرێت و منداڵەكەی ئاگر دەگرێت.

کارزان لە سەربانی بەنزینخانەكە لە كاتێكدا تەواوی جلەكانی بەنزیناوی بووە، خۆی هەڵدەداتە خوارەوە تا منداڵەكەی ڕزگار بكات، بەهۆی ئەوەی جلەكانی بەنزینیان پێوە بووە، ئاگر لە خۆشی بەردەبێت و تەواوی گیانی دەسووتێت، پەیوەندی کوڕی ئێستە ڕێژەی سووتاوییەكەی كەمە و دۆخی تەندروستی جێگیرە، دانیشتوی شارۆكەی چەمچەماڵن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان