وەزیرێك دەستی لەكار كێشایەوە

عەلا علوان وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراقی
:: PM:05:05:15/09/2019 ‌
عەلا عەلوان وەزیری تەندروستی و ژینگە، دوای كەمتر لە ساڵێك لە بوون بە وەزیری، دەستی لەكار كشاندەوە. عەلوان دەڵێ، بەهۆی بەربەست و دەستوەردانی لایەنە سیاسییەكان كە بوونەتە بەربەست لەبەردەم چاكسازی و رێكخستنەوەی وەزارەتەكە، ناچار بووە دەست لەكار بكشێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئەیلوول، عەلائەدین عەلوان وەزیری تەندروستی و ژینگە، دەقی نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەی بڵاو كردەوە كە لە چوار كاغەزی قەبارە (A4) پێكدێت.

عەلوان یەكێك بوو لەوانەی لە 24ـی ئۆكتۆبەری 2018 لەلایەن پەرلەمان عێراق هاوشانی 13 وەزیری تر، متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا وەك وەزیری تەندروستی و ژینگە.

وەزیری تەندروستی لە نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەیدا ئاماژە بە پلان و كارەكانی دەكات لە ماوەی ساڵی رابردوو، لەوانە ئەنجامدانی پشكنین بۆ سەرجەم سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و دەستنیشانكردنی قەبارەی پیسبوونی ئاوەكە و سەرچاوە و هۆكاری پیسبوونەكەی، هاوكات ئاماژە بە پیسبوونی ژینگەی عێراق دەكات، دەڵێ ئەوانە هەر هەمووی لە رێی توێژینەوەی ورد بە بەشداری شارەزایانی ناوخۆ و بیانی ئەنجام دراوە و دەرئەنجامەكەشی بە سەرۆك وەزیران دراوە.

لە بارەی سێكتەری تەندروستیش باس لە هەوڵەكانی وەزارەتەكەی دەكات، ئەوەش دەخاتەڕوو ئەگەرچی لە هەموو ئەو هەنگاوانەی هەڵیگرتووە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و رێكخستنەوەی ئەو سێكتەرە، بەربەست هەبوونە و رووبەڕووی ئالنگاریش بوونەتەوە، بەڵام لە هەوڵەكانیان بەردەوام بوونە و بە راپۆرتیش ئەنجوومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار كردووەتەوە.

عەلوان لە لاپەڕەی سێیەم و چوارەمی دەست لەكاركێشانەوەكەی ئاشكرای دەكات كە جارێكی تریش نامەی دەست لەكاركێشانەوەی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران داوە، بەڵام بە هەوڵی لیستە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و هەوڵی تریش، گەڕاوەتەوە سەر كارەكەی و بەردەوام بووە.

لەم نامەیەی ئەمجارە، عەلوان راشكاوانە ئاماژە بە بەربەست و هۆكارەكانی دەست لەكاركێشانەوەكەی دەكات، ئەوەش دەخاتەڕوو كە گەندەڵی بەناو تەواوی دامەزراوەكانی تەندروستی عێراق بڵاوە، گەندەڵكاران و هێزە سیاسییەكان زۆر بە توندی بەرەنگاری بەرنامەی چاكسازی وەزارەت بوونەتەوە و هەڵمەتێكی گەورەی راگەیاندنیشیان دژ بە چاكسازی ئەنجام داوە بۆ شێواندنی راستییەكان، دەڵێ "زۆر بەداخەوە گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی لەوەها دۆخێكدا ناتوانم چیتر بەردەوام بم و ئیتر لە رۆژی پێنجشەم 12ـی ئەیلوولی 2019، من چیتر وەزیری تەندروستی نیم".










وشە - فه‌رمان سادق