حكوومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە هێرشی كردبێتە سەر سعوودیە

كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی
:: PM:05:07:15/09/2019 ‌
حكوومەتی عێراق رەتی كردەوە ئەو هێرشەی كراوەتە سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی، خاكی عێراق تێیدا بەكار هاتبێت. ئەمەش لە كاتێكدایە دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە لەلایەن حووسییەكانی یەمەن كراونەتە ئامانج، سیناتۆرێكی ئەمەریكیش دەڵێ، كاتی هاتووە دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران بكرێنە ئامانج.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئەیلوول، نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتی كردەوە ئەو هێرشەی كراوەتە سەر ئارامكۆی سعوودی لەسەر خاكی عێراق ئەنجام درابێت، دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە عێراق پابەندە بە دەستوور و رێ بە هیچ لایەنێكیش نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك بەكار بهێنرێت.

نووسینگەی سەرۆك وەزیران دەڵێ، لیژنەیەك لە لایەنە پێوەندارەكان پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر رووداوەكە.

هاوكات میلیشیا حووسییەكانی سەر ئێران لە یەمەن، بەرپرسیاریەتیی خۆیان راگەیاند لە ئەنجامدانی هێرشەكەی كراوەتە سەر كۆمپانیای ئارامكۆ.
 
دوێنێ شەموو، حووسییەكانی یەمەن هێرشیان كردە سەر دوو كارگەی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆ كە گەورەترین كۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتە لە دنیا و سەر بە حكوومەتی سعوودیە و بەرپرسی یەكەمی هەناردە و بەرهەمهێنان و بە بازاڕكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سعوودیە.

دوای هێرشەكە بەپێی زانیارییەكان بێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە سعوودیە دووچاری ئاستەنگ بووەتەوە و نزیكەی 50% كەمی كردووە.

پێوەند بەو پرسە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، ئێران لە پشتەوەی نزیكەی 100 هێرشە كە دژ بە سعوودیە ئەنجام دراوە. 

هاوكات لیندسی گراهام سیناتۆری بەناوبانگی كۆمارییەكان، داوا لە ئیدارەی كۆشكی سپی دەكات كردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران بخاتە ئەجێندای كارەكانی ، گوتی "كاتی ئەوە هاتووە ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر پاڵاوگە نەوتییەكانی ئێران ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو رەفتارانەیان یان بەرزكردنەوەی زیاتری پیتاندنی یۆرانیۆم، چونكە هێرشەكان دەریدەخەن ئێران گرنگی بە ئاشتەوایی نادات".


وشە - فه‌رمان سادق