گوتەبێژی پلاندانانی عێراق: دۆخ و میزاجی سیاسی لەهەر كاتێكی تر گونجاوترە بۆ سەرژمێری دانیشتوان

:: PM:06:34:15/09/2019 ‌

بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2020 سەرژمێری دانیشتوان لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام بدرێت، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە دۆخەكە لەهەر كاتێكیتر گونجاوترە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، لە بوودجەی 2020 داوای بڕی 200 ملیار دینارمان بۆ پرۆسەكە كردووە.

عەبدولزەهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بە كردەنی چەندان هەنگاو هاوێژراون وەك ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لەوانە دامەزراندنی دەستەی باڵا و ژووری ئۆپراسیۆنەكان و دامەزراندنی ئیدارەی جێبەجێكردنی ئامادەسازییەكان و پێكهێنانی 10 كەرتی كاركردنی جیاواز، دەستكردن بە ئامادەكردنی پێویستییە ئەلیكترۆنییەكان لە رێگەی دابینكردنی ئامێرەكان، چونكە پرۆسەكە ئەلیكترۆنی بەڕێوە دەچێت.

زیاتر گوتی، ئێمە چاومان بە ئەزموونی سەرژمێری هەریەك لە میسر و ئوردن خشاندووە كە پێشتر پرۆسەكەیان بەئەلیكترۆنی ئەنجام دابوو و دەكرێ سوودیان لێ وەربگرین، لە بودجەی 2019 بڕی 44 ملیار دیناری عێراقی بۆ ئامادەسازییەكانی سەرژمێری تەرخان كرا و بۆ 2020یش داوای بودجەی 200 ملیار دیناری ترمان كردووە، هیوادارین لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی داهاتوو بێتە پەسندكردن.

هینداوی دووپاتی كردەوە، ئێستە هاوئاهەنگییەكی گەورە لە نێوان بەغدا و هەولێر لەو بارەوە هەیە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتوان هەبوو كە نوێنەرانی هەرێمیش بەشداریان تیایدا كرد و ئەوان بۆچوونیان لەبارەی هەموو ئەوانەی دەكرێت هەبوو، دوای دوو رۆژیتریش شاندێكی بەغدا سەردانی هەرێم دەكات بۆ روونكردنەوەی میكانیزمەكانی بەڕێوەچوونی سەرژمێری دانیشتوان، پێش دوو رۆژیش وەزیری پلاندانانی عێراق سەردانی هەرێمی كرد و چاوی بە گەورەبەرپرسانی ئەوێ كەوت، بەڵێ هاوئاهەنگی باشمان هەیە و هەوڵی زۆریش دەدرێت لەلایەن هەردوولا بۆ رەخساندی دۆخێكی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری دانیشتوان.

لەبارەی كێشەكانی بەردەم پرۆسەكە و ئەگەری بەڕێوە نەچوونی هینداوی دووپاتی كردەوە، رێككەوتن كراوە سەرژمێرییەكە لە سەرانسەری عێراق لە مانگی تشرینی یەكەمی 2020 بەڕێوە بچێت، ئێستەیش هەموو ئامادەسازییەكان بۆ ئەو وادەیە بەڕێوە دەچێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ سەرخستنی، ئێستە دۆخ و میزاجی سیاسی لەهەر كاتێكی تری پێشتر گونجاوترە و هەموو لایەنەكان دووپات لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەكەنەوە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەوانە هەمووی ببنە پاڵپشت بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل