لە پێنجوێن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ پێنج كەس بوونە قوربانی

:: PM:07:09:15/09/2019 ‌
 ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێی شارەدێی ناڵپارێز و شارۆكەی پێنجوێن، پێنج ئەندامی خێزانێك كە سەرجەمیان خەڵكی ناوچەی تەكیەی مامەند بوون، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە، بوونە قوربانی.

لوقمان لەتیف لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێكی هاتوچۆ لەنێوان دوو ئوتومبێلدا روویدا و تیایدا سێ سەرنشین بەسەختی برینداربوون و دووانی تریش گیانیان لەدەست دا.

زیاتر گوتی، هەر پێنج هاووڵاتییەكە، ئەندامی یەك خێزان بوون كە سەرجەمیان خەڵكی ناوچەی تەكیەی مامەندی نزیك شارۆكەی چەمچەماڵی سەربەپارێزگای سلێمانی بوون، و بەمەبەستی چوون بۆ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و لەوێشەوە بۆ گەشتكردن بۆ وڵاتی ئێران هاتبوونە ناوچەكە.

روونیشی كردەوە، بریندارەكان لەلایەن پزیشەكەوە چارەسەریان بۆ دەكرێت".

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و رۆژانە بەهۆی خراپی رێگاوبانەكان و پابەندنەبوونی بەشێك لەشۆفێران بە یاسا و رێنوێنیەكانی هاتوچۆ، رووداوی هاتوچۆی لێ‌ ڕوودەدات.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی

 
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم