ئێستە لە عێراق و لە سعوودیە و لە سووریا و لە لیبیا و یەمەن و چەند شوێنێكی تر، ئامانجەكان لە ئاسمانەوە دێنە پێكان لە رێگەی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ئەوەش دوای شكستی بزاوە تیرۆریستی و هەندێك لە وڵاتانی وەك ئێران و توركیا لە گەیشتن بە ئامانجە فرەوانخوازییەكانیان، یان هەندێك وڵاتی تری وەك ئیسرائیل و خودی ئەمەریكاش بۆ لەناوبردنی نەیارانیان دوور لە زیانی گەورە و لە ناوچە دوورەكان بەكاری دێنن.
ئێران و توركیا پاشەكشەی ستراتیجی خۆیان لە ناوچەكە لە رێگەی جۆرێكی تری جەنگ پەردەپۆش و قەرەبوو دەكەنەوە ئەویش لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە كە تا ئێستە ئامرازەكانی رووبەڕووبوونەوەیان لەلایەن ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی هێرش دەبنەوە وەك سعوودیە و لیبیا، هەروەها وڵاتانی دنیاش سنووردارە، جیا لە تێچووە كەمەكەی لە رووی داراییەوە، ئەوەش پاشەكشەی هێزەكانیان لەسەر زەوی وەك ئیخوانەكانی توركیا پاڵپشتیان دەكات و گر ووپە شیعەكانی سەر بە ئێران كە لە دۆخێكی بەهێزترە لە توركیا بەهۆی چەكداری لایەنگرانی لە سووریا و عێراق و لبنان و یەمەن.
ئێران و توركیا زیاتر پشت بە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان دەبەستن بۆ كردنەئامانجی نەیارانیان لە رێگەی گرووپەكانی پاڵپشتیان دەكەن، وەك لە سعوودیە و لیبیا لە رێگەی سوودبینین لە تایبەتمەندی ئەو جۆرە فڕۆكانە، ئەوەش بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانە ئایدۆلۆجییەكانی ساڵانی دواییان، كاتێك دوێنێ حوسییەكانی یەمەن لە رێگەی چەندان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشیان كردە سەر دامەزراوەكانی نەوتی سعوودیە لە پارێزگای بەقیق لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە سێیەم هێرشی لەو جۆرە لە ماوەی پێنج مانگدا.
ئێران لە رێگەی لایەنگرانی لە یەمەن و لە لبنانیش پەنا بۆ بەكارهێنانی ئەو ئامرازە دەبات بەهۆی توانای وردی لە پێكانی ئامانجەكانی، ئەو ویستی پەیامێك ئاراستەی دنیا و چەند لایەنێك بە تایبەتی بكات بەوەی سزاكانی سەری رێگری لێ ناكەن لە كردنەئامانجی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا، لەلایەكی تر توركیا ئەو جۆرە فڕۆكەی داوەتە هاوپەیمانەكانی لە لیبیا كە ئەوانیش دوو جۆرن بچووك بۆ كوشتنی كەسانی دیاریكراو و گەورە كە مووشەك و بۆمب هەڵدەگرن، دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی دوێنێی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر چەند ئامانجێكی ستراتیجی سعوودیە، لە لیبیا لایەنگرانی توركیا لە رێگەی فڕۆكەی جۆری "بەیرەقدار"ی بێ فڕۆكەوان سێ سەركردەی سەربازی سوپای نیشتیمانی لبیایان كوشتووە و هێرشیان كردووەتە سەر بنكەی ئاسمانی جەفرە، لە راپۆرتێكی پەیمانگەی ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاشتی هاتووە، توركیا لە 2015ەوە دەستی كردووە بەبەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆكە و لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان و لە لیبیاش بەكار هێناوە.
شارەزایەكی سەربازی لەبارەی هەوڵی تێكشكاندنی ئەو جۆرە فڕۆكانە دەڵێت، هەوڵی تێكشكاندنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بچووك بە مووشەكی پاتریۆت وەك هەوڵی كوشتنی مێشوولەیە بە چەكووشێكی گەورە، كە سەرەڕای قەبارەی بچووكیان، ئەو جۆرە فڕۆكانە توانای كردنە ئامانجی ورد و چالاكتریان لە فڕۆكەی گەورە هەیە، بۆیە چەندان كۆمپانیا هەن لە وڵاتانی پێشكەوتوو كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەكەن، ئەگەرچی تا ئێستە نەیانتوانیوە چارەسەر بدۆزنەوە لە رووی چاودێریكردن و تێكشكاندنی.
سەرۆكی پێشووی هەواڵگری فڕەنسا دان بەوەدا دەنێت كە هیچ رێوشوێنێكی رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە فڕۆكە نییە لەسەر ئاستی جیهان و ئەگەر هاتوو فڕۆكەكە وا پڕۆگرام كرابێت بۆ تەقینەوە لەكاتی گەیشتنی بە ئامانجەكەی لە رێگەی جی پی ئێستەوە، هیچی لەگەڵ ناكرێت، بەڵكو پێویستە هەوڵ بدرێت چاودێری بكرێت بنیشێنرێت لە رێگەی گولەتەقاندنەوە، كە ئەوەش كاتی پێویستە و ئاسان نییە.
ئێستە ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سوود لەو میكانیزمە وەردەگرێت و لە رێگەی حوسییەكانەوە گوشار دەخاتە سەر سعوودیە بۆ كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵیان لەبارەی یەمەنەوە بەوەی پشكی شێر لەو وڵاتە بەر ئێران بكەوێت و زەوینەی دەسەڵاتی ئێران لەو وڵاتە خۆش بكات، كە ئەوەش لەلایەن سعوودیە رەتكراوەیە.
هەرچی لبنانە ئێستە حزبوڵا تەنیا ئەو جۆرە فڕۆكانەی هەیەتی و لە جەنگی سووریا پەرەی پێ داون، تەنیا بۆ كاری چاودێری و شەری سووك لەگەڵ ئیسرائیل بەكاریان دێنێت و لەلایەن ئیسرائیلەوە دەخرێنە خوارەوە، جیا لەوە ئەو جۆرە فڕۆكە گەیشتووەتە دەستی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە و لەدژی ئیسرائیل بەكاریان دێنێت، ئەوەش مەترسییەكانی ئیسرائیل زیاتر دەكات.
لەلایەكی تر رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی وریایی دا لەوەی گرووپی تیرۆریستی بۆكۆ حەرام لە نایجیریا بە بەراورد بە پێشتر خۆی چەكدارتر كردووە و ئێستە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی پێشكەوتووی هەیە، كاتێك شارەزایانی سیاسی و تەناهی دووپاتی دەكەنەوە كە دوای 10 ساڵی جەنگ، تا ئێستە چەكدارانی بۆكۆ حرام لە ناوچە چۆڵەوانییەكانی ئەو وڵاتە هەن و چەكدارییەكی باشیان هەیە و خاوەنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی پێشكەوتوون و لە هێرشەكانیان بۆ سەر سوپای نایجیریا بەكاریان هێناوە.