پارێزگاری نوێی هەولێر دەستبەكار دەبێت

پڕۆفایلى پارێزگارى نوێى هه‌ولێر د.فرسه‌ت سۆفى
:: PM:08:01:15/09/2019 ‌
دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر متمانەی پێدرا، بڕیارە سبەی دووشەم د.فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێر لەبەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئەیلوول، كەنعان خەیلانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وا بڕیارە سبەی دووشەم 15ی ئەیلوول، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێر لەبەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات.

ڕوونیشی كردەوە كە دوای ئەو سوێندخواردنە ئالوگۆڕی پۆستەكە لەنێوان نەوزاد هادی پارێزگاری پێشووی هەولێر و د.فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێ‌ بكرێ‌.

خەیلانی دووپاتی لەوە كردەوە كە هەموو ڕێ و شوێنەكان بۆ دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێی هەولێر تەواو بووە.

فرسەت سۆفی خەڵكی گوندی گەزنەی ناوچەی چۆمانە و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، هاوكات ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و ئەنجامدانی چاكسازی لە كوردستان بووە، ئەو دەبێتە 41یەمین پارێزگاری هەولێر.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم