میدیای ئەمەریكی و ئیسڕائیلی: ئێران هێرشەكەی لەسەر خاكی عێراق دژ بە سعوودیە ئەنجام دا

:: PM:08:51:15/09/2019 ‌
تا دێت زانیاری زیاتر لەسەر دوا هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی بڵاو دەبێتەوە. ئەگەرچی حكوومەتی عێراق رەتی كردەوە، بەڵام میدیای ئەمەریكی و ئیسڕائیلی دەڵێ، هێرشەكە لە رێگەی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی لە عێراقەوە هێرشیان كردۆتە سەر ئارامكۆ.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئەیلوول، ماڵپەری "تیك دیبكا"ـی ئیسڕائیلی بڵاوی كردەوە كە ئەو هێرشەی كرایە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی كە كۆمپانیایەكی سەر بە دەوڵەتە، لە رێگەی دەیان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی بووە و لەلایەن میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، لە باشووری عێراق ئەنجامدراوە.

ماڵپەڕەكە پشتی بە سەرچاوەیەكی تایبەت بەستووە و روونی دەكاتەوە، هێرشەكە لە یەكێك لە بنكەكانی میلیشیاكانی حەشد لە باشووری عێراق كراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە كە دووری نێوان ئەو بنكەیە و دامەزراوەكانی سعوودیە كەمێك لە 800 كلیۆمەتر زیاترە.

بەپێی شیكاری ماڵپەڕەكە بێت، هێرشەكەی بەرەبەیانی دوێنێ شەموو، رێكخراوترین و فراوانترین هێرشی ئێرانی بووە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو، ئەمەش یەكەم هێرش نەبووە لە خاكی عێراقەوە بكرێتە سەر سعوودیە و لە 15ی ئایاری رابردووش، ئێران لە رێگەی دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەسەر خاكی عێراق هێرشی كردە سەر دوو بۆڕی سەرەكی گواستنەوەی نەوت لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای سعوودیە و ئاگری تێبەردان، ئەو دوو بۆڕییە نەوتییە، بەرهەمی كێڵگەكانی رۆژهەڵاتی مینا دەگوازێتەوە بۆ كەناراوەكانی دەریای سوور.
 

زانیاری ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە لە كاتێكدایە فەرمانگە سەربازییەكانی ئیسڕائیل ئێوارەی دوێنێ شەموو رایان گەیاند، دەكرێت ئەو هێرشە لەسەر خاكی عێراق ئەنجام درا بێت و ئەگەرچی عەرەبستانی سعوودیە سیستەمی بەرگری مووشەكی پێشكەوتووی هەیە بەڵام ئاستەمە بتوانێت هێرشی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان ئاشكرا بكات.
 
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئیسڕائیلی بێت، ئەوا ئێران توانیویەتی ژێرخانێكی لۆجستی ئاسمانی لە عێراق دامەزرێنێت كە لە توانای هەیە هێرش بكاتە سەر هەر ئامانجێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی دەیان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژ كراو.

ئەو زانیاریانەی لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتی كردەوە هێرشەكە لەسەر خاكی عێراق كرابێتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە.
 
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكانی ئەمەریكا كە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوكرانەوە، لە سەرچاوەیەكەوە رایان گەیاند، هێرشەكە لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە عێراقەوە ئەنجام دراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە رای گەیاند، دوو كارگەی سەر بە ئارامكۆ لەو هێرشە كراونەتە ئامانج كە دەونە پارێزگای بەقیع و هیجرە لە رۆژهەڵاتی وڵات. هاوكات حوسییەكان بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرشەكە راگەیاند.


وشە - فه‌رمان سادق