به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه، گیرانی پۆلیسێكی ڕاگه‌یاند به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بووه له بازرگانی به تلیاكه‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، بەرزان عوسمان گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند: پۆلیسێکمان گرتووه، بەھۆی ئەوەی بڕی 32 گرام تلیاکی پێ بووە، ئێسته‌ش بەبڕیاری دادوەر بەند کراوە.
له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا، ورده‌كاریی چه‌ند ڕووداوێكی تری ئه‌و شاره‌ی بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیس توانیویانە سێ تۆمەتباری ساڵی ڕابردوو بگرنه‌وه، دوانیان خۆیان ڕادەست کردوە و ئەوەی تریش لەدەرەوە گیراوە.
له درێژه‌ی لێدوانه‌كانیدا، به‌رزان عوسمان گوتی: به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، هاووڵاتییەک له كاتی چوونی بۆ بانكی هه‌ڵه‌بجه، گیانی له‌ده‌ست داوه.
هه‌ر به‌پێی گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه، له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا، حاڵەتێکی دزیکردن تۆمارکراوه، شەش ھاووڵاتییش بە تۆمەتی دزیکردن گیراون و دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە.