بەسڕە.. میلیشیاكان دۆخی پارێزگاكە دەشێوێنن و چەك بە هۆزەكان دەدەن

:: PM:10:08:15/09/2019 ‌

راوێژكاری پارێزگاری بەسڕە بۆ كاروباری هۆزەكان ئاشكرای كرد كە میلیشیاكان چەك بە هۆزەكانی پارێزگای بەسڕە دەدەن و ئەوانیش لە ململانێكانیان بەكاری دێنن و دۆخی پارێزگاكە دەشێوێنن.

محەمەد سالم زەیداوی ئەمڕۆ یەكشەم روونی كردەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی رادەست نەكردنی دۆسیەی تەناهی لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەسڕە بۆ پۆلیسی ناوخۆیی پارێزگاكە بوونی چەند میلیشیایەكە كە جۆری جیاوازی چەكیان بەدەستەوەیە و ئەوان ئەو چەكانە دەدەن بە هۆزەكان، بەو پێیەی زۆرێك لە ئەندامانیان سەر بەو هۆزانەن.  

ئاشكرای كرد، ئەو میلیشیایانە تەكتیكێكی نوێ بەكاردەهێنن بۆ شاردنەوەی چەكەكانیان بە هاوكاری هۆزەكان لە ناوچە دوورە دەست و كشتوكاڵییەكان و روونی كردەوە، ئەو میلیشییایانە بەم دواییە چەكەكانیان لەو ناوچانە ئەمبار كردووە و لەكاتی ململانێكان بەكاری دێنن. بۆیە پێویستە هەڵمەتێكی فرەوانی كۆكردنەوەی چەكی قوڕس و ناوەندی ئەو میلیشیایانە و هۆزەكان بەڕێوە بچێت.


پێشتر شێخ رائید فرێجی سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی بەسڕە، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە كە شەڕ و ناكۆكی هۆزەكانی بەسڕە نوێ نییە و بەردەوامە و زۆرجاریش چەكدارییە و جۆری جیاوازی چەكی تێدا بەكار دەهێنرێت و كوژراو و برینداری لێ دەكەوێتەوە و دۆخی تەناهی پارێزگاكە دەشێوێنێت، لە بەرانبەردا بێتواناییەكی دیار لەلایەن سەركردایەتی ئۆپراسیۆن و پۆلیسی بەسڕە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە هەیە.

فرێجی ئاماژەی كرد، هەندێك لە پارت و كەسایەتییە سیاسییەكان ئەو هۆزانە وەك پاڵپشتی خۆیان دەزانن و لەكاتی هەڵبژاردن سوودیان لێ دەبینن، بۆیە كاتێك شەڕ یان ململانێی هۆزەكان دەبێت، ئەو پارتە سیاسییانە دەست لە دۆخەكە وەردەدەن و هێزە تەناهییەكان رۆڵیان لاواز دەبێت، بۆیە ئەوان لەلایەن ئەو حزبانەوە دەپارێزرێن و شەڕی هۆزەكان بەردەوامی دەبێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل