هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا و چین كێبه‌ركێیه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پشك و پێگه‌ی خۆیان له پیشه‌سازی نه‌وت و گازی عێراق دروست كردووه، له باكوره‌وه تا باشوور ئه‌وان له ململانێدان، هاوكات وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هه‌فته‌ی پێشوو خواستی خۆی ده‌ربڕی كه ده‌یه‌وێ پشكی كێڵگه‌ی گازی مه‌نسوورییه له دیاله به كۆمپانیاكان بفرۆشێت، ئه‌مه‌یش كۆمپانیاكانی ئه‌و سێ وڵاته‌ی دووباره خستووه‌ته‌وه كێبه‌ركێ بۆ وه‌رگرتن و كڕینه‌وه‌ی پشكی كێڵگه‌كه.
كێڵگه‌ی گازی مه‌نسوورییه ده‌كه‌وێته نزیك سنووری ئێران و یه‌ده‌گی گازی سروشتی ئه‌و كێڵگه‌یه به 4.6 تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی ده‌خه‌ملێنرێت و پێشبینی ده‌كرێ به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی بگاته 325 ملیۆن پێ سێجا، بۆ واشنتن ئه‌مه هه‌واڵێكی خۆشه كه عێراق وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی گازی سروشتی خۆی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر پێویستی به گازی ئێران نه‌بێ و پشت به‌خۆی ببه‌ستێ و دواجار ناچاری بكات پابه‌ندی سزاكان بێت كه ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێرانی سه‌پاندووه و به‌رده‌وام ماوه‌ی زیاتر به به‌غدا ده‌دا، تا پێویستی به گازی سروشتی ئێران نه‌بێت.
ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ له‌و ڕێیه كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئێران له‌سه‌ر به‌غدا كه‌م بكاته‌وه، هاوكات له كوردستانیش ڕووسیا توانیویه‌تی شوێن پێی خۆی زۆر قایم بكات، به‌هۆی گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 2017، جیا له‌وه‌یش رۆسنه‌فت گرێبه‌ستی تر و زۆرتر له‌گه‌ڵ به‌غدا واژوو ده‌كات و به‌م هه‌نگاوانه‌یش مۆسكۆ ده‌توانێ زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات له عێراق دابنێت، بێگومان ئه‌و گرێبه‌ستانه پێوه‌ندی زۆر تۆكمه‌یان به سیاسه‌تی وڵاتان به‌رانبه‌ر ناوچه‌كه هه‌یه و ئه‌و گرێبه‌ستانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی ڕێ له دروستبوونی مانگی شیعه "هیلالی شیعه" بگرن، كه ئێران ئامانجیه‌تی له ناوچه‌كه ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌دی بهێنێت، له ڕێی عێراقه‌وه بۆ سووریا و لبنان و ده‌ریای ناوه‌ڕاست هه‌ژموونخوازی بكات و له باشوورهوهیش ده‌یه‌وێ له دوای ده‌ریا به یه‌مه‌نه‌وه ده‌وری وڵاتانی كه‌نداو بدات.
ئه‌مه‌ریكا زۆربه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كێڵگه‌ی وزه‌ی سعوودیه‌ی كۆنتڕۆڵ كردووه و له ئیماڕات و قه‌ته‌ڕ و به‌حرێن و وڵاتانی كه‌نداو زۆرترین وه‌به‌رهێنان ده‌كات، هاوكات چینیش له‌لایه‌كی تره‌وه هاتووه‌ته ناوچه‌كه و ده‌یه‌وێ په‌ره به هه‌ژموونخوازی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه بدات، له‌گه‌ڵ ئێران له ڕۆژئاوای كارزۆن گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه.
عێراق ئێسته هاوشێوه‌ی توركیایه، نه بۆ ڕووسیا یه‌كلایی بووه‌ته‌وه، نه بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له نێو وڵاتانی ناوچه‌كه‌یش جیا له‌وه‌ی ئێران زۆرترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر عێراق هه‌یه، هاوكات توركیایش ململانێی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی عێراق و كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی توركیا "تپاو" پشكی 37.5%ی كێڵگه‌ی گازی مه‌نسوورییه‌ی كڕیوه و له‌گه‌ڵ به‌غدا گرێبه‌ستی كردووه، هاوكات كۆمپانیای وزه‌ی كوێت ڕێژه‌ی 25% و و كۆگازی كۆریای باشووریش 22.5%ی هه‌یه.
كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی توركیا له 2011 ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا كرد بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌ی گازی مه‌نسوورییه له دیاله، ماوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌یشی 10 ساڵ بوو و دوای ئه‌و ماوه‌یه به ڕه‌زامه‌ندی به‌غدا ده‌كرێ گرێبه‌سته‌كه نوێ بكرێته‌وه، له 2014 كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی توركیا كاره‌كانی له‌و كێڵگه‌یه‌ی گازی سروشتی وه‌ستاندووه و نه‌یتوانیوه ئه‌و پلانه جێبه‌جێ بكات، كه ده‌بوو بۆ ئه‌و كاته 100 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانه گاز له‌و كێڵگه‌یه به‌رهه‌م بهێنێت، وه‌ستانی كاره‌كانیشی به‌هۆی هاتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، ئێسته‌یش ماوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له كۆتایی نزیكبووه‌ته‌وه و وڵاتانیش ململانێیانه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه به كۆمپانیاكانی خۆیان بدرێ، بۆیه خه‌ریكی فشاركردنن له‌سه‌ر به‌غدا.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌یه‌وێ به په‌له گرێبه‌ست له‌سه‌ر ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی گاز بكات و بتوانێ له ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌رهه‌می گازی سروشتی بگه‌یه‌نێته 325 ملیۆن پێ سێجا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ كه‌رتی كاره‌بای وڵات و توانای به‌رهه‌م زیاتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له هاوین بتوانێ كاره‌با بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق دابین بكات و كۆتایی به ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك بهێنێت، كه هه‌موو هاوینێك حكوومه‌ت له ڕووخان نزیك ده‌كه‌نه‌وه.
ئێسته
عێراق ڕۆژانه 28 ملیۆن مه‌تری سێجا گازی سروشتی له ئێران ده‌كڕێ، بۆ وه‌گه‌ڕخستنی وێستگه كاره‌باییه‌كانی باشوور، هاوكات نزیكه‌ی هه‌زار و 300 مێگاوات كاره‌با له ئێران هاورده ده‌كات و ساڵانه پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی له به‌رانبه‌ر ئه‌وه ده‌بێ ڕاده‌ستی تاران بكات، پێشبینی ده‌كرێ بۆ ساڵی 2020 قه‌باره‌ی هاورده‌كردنی گاز و كاره‌با له ئێرانه‌وه بۆ عێراق بگاته پێنج ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئه‌مه‌یش بارگرانییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق دروست كردووه.