ئێنریكی كۆتای ئەم وەرزە ماڵئاوایی لە بەرشەلۆنە دەکات

:: AM:10:37:19/01/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە كۆتای ئەم وەرزە دەستبەرداری كارەكەی وەك راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دەبێت.

گرێبەستەكەی ئێنریكی لە حوزەیرانی داهاتوو (مانگی شەش) لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بەكۆتا دێت و تا ئێستاش رەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەدا پێشان نەداوە.

رۆژنامەی (ماركا) بڵاوی كردەوە: ئێنریكی ئێستا پەیوەندی لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەی باش نییە و ئەمەش ناچاری دەكات كۆتای ئەم وەرزە لە یاریگەی كامپ نوو دوور بكەوێتەوە.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە زۆرێك لە ئەستێرەكان لە ئاستی ئێستەی یانەكەیان لەسەر دەستی ئێنریكی رازی نین و لەسەرووی هەمووشیانەوە گیرارد پیكێ بەرگریكاری یانەكەیە.

یانەی بەرشەلۆنە لەوەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا ئاستی وەك پێویست نییە و لە كۆی 18 یاریی 5 یاریی یەكسان بووە و 2 یاریشی دۆڕاندووە، ئێستا بەكۆكردنەوەی 38 خاڵ لە ریزی سێیەمی یانەكان دێت و خاڵێك لە دواوەی یانەی سڤیلییە و 2 خاڵیش لە دواوەی یانەی ریال مەدریدەوەیە.

جێی باسە ئێنریكی لە هاوینی 2014 بەفەرمی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنەی گرتە ئەستۆ و ئەم وەرزەش دەبێتە سێیەمین وەرزی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م