بۆچی زێدان لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید سەركەوتوو بوو و بینیتێز شكستی خوارد؟

:: AM:11:03:19/01/2017 ‌

كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هۆكاری سەركەوتنەكانی زێنەدین زێدانی فڕەنسی لە راهێنەرایەتیی یانەی شاهانە و شكستەكانی رافایێل بینیتێزی ئاشكرا كرد.

ئەنچیلۆتی كە ئێستا راهێنەرایەتیی یانەی بایرن میونشن دەكات، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكانی زێدان لە راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدرید پەیوەندییە باشەكانییەتی لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی تیپەكەی.

ئەنچیلۆتی زیاتر گوتی: هەموو راهێنەرێك ناتوانێ سەركەوتووبێت لە راهێنەرایەتیكردنی یانەیەكی گەورەی وەك ریال مەدرید، كلیلی سەركەوتنەكانیش پەیوەندی باشە لەگەڵ یاریزاناندا دواتر شارەزایی و پلانەكان دێن.

هەروەها گوتی: زێدان پێشتر راهێنەرایەتیی هیچ یانەیەكی گەورەی نەكردووە، بەڵام بۆ ماوەیەكی زۆر یاریزان بووە و دواتریش وەك یاریدەر لە تیپی دووەمی یانەی شاهانە كاری كردووە، بەو هۆیەوە زۆرێك شارەزاییەكی باشی لە لایەنە شاراوەكانی تۆپی پێ و بەتایبەتیش لە یانەی ریال مەدرید پەیدا كردووە.

ئاماژەی بەوەش دا: بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ یاریزانان دروست بكەیت، دەبێت خەسڵەتی كاریزمات هەبێت و هەروەها كەسایەتییەكی بەهێزت هەبێت و رێزی بەرامبەر بگریت، ئەمە خەسڵەتانەش هەموویان لە زێداندا بوونی هەیە چ ئەو كاتەی یاریزان بووە و ئەو كاتەش كە وەك یاریدەر كاری كردووە.

ئەو راهێنەرەی ئێستای یانەی بایرن میونشن جەختی كردەوە كە رافایێل بینیتێز نەیتوانی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دروست بكات و هەر لەبەر ئەمەش نەیتوانی سەركەوتووبێت و ماوەیەكی درێژ لە یانەكەدا بمێنێتەوە.

جێی باسە زێدان سەرەتای ساڵی داهاتوو لە شوێنی بینیتێز ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدریدی وەرگرت و لە ماوەی نیو وەرزدا توانی ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی سوپەری ئەوروپا و جامی مۆندیالی یانەكانی بردەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م