هونه‌رمه‌ند سارا ته‌ڵایی كه خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و جیا له‌وه‌ی شێوه‌كار و شاعیر و گرافیكیسته، ژه‌نیاره و له نووسینیشدا به‌توانایه. ئه‌و له ئێران و هه‌رێمی كوردستان به‌شداری چه‌ندان كۆڕی شیعری و كۆنسێرت و پێشانگه‌ی شێوه‌كاری و فێستیڤاڵ و سیمیناری هونه‌ریی كردووه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا نایشارێته‌وه كه "زۆر حه‌ز ده‌كات تابلۆكانی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بخاته ڕوو".
ده‌كرێ كورته‌یه‌ك له چالاكییه هونه‌رییه‌كانت باس بكه‌ی؟
له مه‌هاباد خاوه‌نی فێرگه‌یه‌كی هونه‌ری بووم به ناوی "ئاموزشگای نه‌قاشی ژیوار"، هه‌ر له‌وێ به ده‌یان قوتابیی زانكۆ و فێرخوازانی هونه‌ریم له‌و ڕێبازه‌دا پێگه‌یاند، ماوه‌ی سێ ساڵه دانیشتووی هه‌ولێرم، له سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی زانكۆی جیهان مامۆستای وانه هونه‌رییه‌كانم. خاوه‌نی دوو كتێبی هونه‌ریم یه‌كه‌میان به ناوی "هونه‌ری نه‌خشاندن" و ئه‌ویتر به ناوی "زانستی نه‌خش و ڕه‌نگ" كه به سپۆنسه‌ری زانكۆی جیهان چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
له كه‌یه‌وه ده‌ستت به نیگاركێشی كردووه؟
له منداڵییه‌وه خولیای نه‌خش و نیگار بووم و یه‌كێك له هیواكانم بوو، ماوه‌ی 20 ساڵه له‌و هونه‌ره‌دا ڕاهێنان و چالاكیم هه‌یه و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر هۆگری هونه‌ره‌كه‌م ده‌بم و له‌گه‌ڵیدا ده‌توێمه‌وه، هه‌روه‌ها لای زۆربه‌ی مامۆستا فارسه ناوداره‌كان ئه‌زموونی نه‌خشاندنم بینیوه.
نه‌خشاندن لای تۆ چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێ؟
نه‌خشاندن یه‌كه‌م زمانی ده‌ربڕینی هه‌سته‌كانی مرۆڤ و گفتوگۆ بووه، بۆیه لای منیش به وێنه هه‌مان مانا له‌خۆ ده‌گرێت، نه‌خش ئامرازی ده‌ربڕینی هه‌ست و په‌یامی هونه‌رمه‌نده و هۆكارێكه بۆ جووڵاندنه‌وه‌ی بیری مرۆڤ، نه‌خشه‌ی بنه‌مای داهێنانی سروشت و خولقاندن و ئافراندن و تێڕامانی هه‌بوونه "وجود"، نه‌خش ناوه‌ڕۆكێكی ڕاسته‌قینه‌یه له زایه‌ڵه‌ی ڕوانگه‌ی بینینی مرۆڤ، واتا جیاوازی جۆری بینین له چاوگه‌ی حه‌ز و ناحه‌زییه‌كانی چاو.
چۆن بوو دنیای هونه‌رت هه‌ڵبژارد؟
هونه‌ر ئارامكه‌ره‌وه‌ی ڕۆح و مێشكه و هه‌نگاوێكی به‌هێزه بۆ نوێبوونه‌وه‌ی ژیان. هه‌روه‌ها پردێكه بۆ په‌ڕینه‌وه له نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان. هونه‌ر بنه‌مای گه‌یشتن به قۆناغی خۆناسی و خواناسینه و هه‌روه‌ها دارێژه‌ری هێزی تێفكرینه بۆ گه‌شه‌ی مێشكی مرۆڤ له به‌ندینخانه‌ی نه‌زانی هه‌بوون/وجوود.
تا ئێسته چه‌ند پێشانگه‌ی تایبه‌ت و هاوبه‌شت كردووه‌ته‌وه؟
له نزیكه‌ی 85 پێشانگه‌ی هاوبه‌ش و تایبه‌تدا به‌شداریم كردووه.
خۆشه‌ویسترین تابلۆ لای خۆت چ تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی هه‌یه؟
هه‌ر تابلۆیه‌ك كه نه‌توانێ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ بخاته سه‌ر هه‌ست و ڕۆحی مرۆڤ، بێگومان لای من هونه‌رێكی خۆشه‌ویست نییه، چوارچێوه‌ی هونه‌ر له وێنای تابلۆیه‌كدا بریتییه له هێزی ده‌روون و بیركردنه‌وه، بۆیه تابلۆی پڕبایه‌خ لای من ئه‌و خاڵانه ده‌بێ له‌خۆ بگرێت وه‌ك، فه‌لسه‌فه‌ی بیركردنه‌وه واته ناوه‌ڕۆك له تابلۆدا، فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی جۆری بینین، فه‌لسه‌فه‌ی پاڵاوتنی مێشك، فه‌لسه‌فه‌ی ده‌ربڕین به ڕه‌نگ و ماتریاڵ ده‌بێ له‌به‌رچاو گیرابێ.
بڕیارت نه‌داوه له داهاتوودا تابلۆكانت ببه‌یته ده‌ره‌وه‌ی وڵات؟
تا داوام لێ نه‌كرێت، له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان حه‌زم له كردنه‌وه‌ی پێشانگه نییه، به‌ڵام بێگومان حه‌ز ده‌كه‌م تابلۆكانم له ده‌ره‌وی كوردستان بخه‌مه ڕوو، هه‌لێكی وا بگونجێ ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێ بۆ ناساندنی و پێناسه‌كردنی هونه‌ری كوردی.
جوانترین په‌یام كه تابلۆكانت هه‌ڵگری بێت چ ناوه‌ڕۆكێكه؟
فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌نگ و جوانییه‌كانی بیری ئازاد و سه‌ربه‌ست و پێناسه‌ی كولتوور و سروشتی كوردستان و خۆشه‌ویستی ژن و ژین و ژیانه.
كه‌واته فه‌لسفه‌ی هونه‌ر چییه؟
هونه‌ر بوارێكی فره‌ڕه‌هه‌ند و به‌ربڵاوه كه سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه چێژی لێ وه‌رده‌گرن به سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌كانیه‌وه، به‌و چالاكییه به‌رهه‌مییانه‌ی كه‌سێك یان گرووپێكی دیار كراوه كه به بیرۆكه‌یه‌كی جیاواز له خه‌ڵكی ئاسایی و به هه‌ستێكی ناسك و خه‌یاڵێكی جوان و جوانكارییه‌وه تابلۆیه‌كی پڕ ناوه‌ڕۆك و په‌یامدار ده‌خوڵقێنن، جیا له‌وه‌ی هونه‌ر له ڕووی شرۆڤه و شیكارییه‌وه به‌سه‌ر چه‌ند لق و پۆی جیاوازدا دابه‌ش كراوه، له ڕوانگه‌ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تییه به‌رهه‌مدار و به‌تواناكانی بواره جۆراجۆره‌كانی هونه‌ره‌وه، پێناسه و شرۆڤه‌گه‌لێكی جیاواز و ڕه‌نگاوڕه‌نگ و به پێزیان بۆ هونه‌ر كردووه كه هه‌ركامه‌یان شیاو و هه‌ڵگری ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ی پسپۆڕانه و پڕبایه‌خن، بۆیه له‌مباره‌یه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتناس و ڕووناكبیرێكی گه‌وره‌ی ئه‌رمه‌نی به‌ناوی "ئه‌بووڤیان" ده‌ڵێ، "له نێوان هه‌موو كورده‌كاندا ته‌نانه‌ت پیره‌پیاو و پیره‌ژنی نه‌خوێنده‌واریش، هه‌ست به به‌هره‌ی شاعیری ده‌كرێت، به چه‌شنێك كه زۆربه‌یان له گۆرانی چڕیندا به توانان و له‌وپه‌ڕی ساده‌ییه‌وه گۆرانی به‌سه‌ر دۆڵ و چیا و تاڤگه و ڕووبار و چه‌ك و ئه‌سپ و قاره‌مانێتی و جوانی خۆیاندا، ده‌ڵێنه‌وه".
وشه/دیمانه‌ی گه‌رمیان گلی