ئامادەكاری بۆ شەشەمین فێستیڤاڵی كولتوورە جیاوازەكان دەكرێت

:: PM:06:30:17/09/2019 ‌
شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كولتوورە جیاوازەكان بە بەشداری گرووپە هونەرییەكانی هەشت وڵات ساڵانە لە شارۆكەی ڕانیە لەلایەن سەنتەرێكی كولتووری شارۆكەكە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئەیلوول، خالید قادر سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی كولتوورە جیاوازەكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "فێستیڤاڵەكە لەلایەن سەنتەری ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری بە چاودێری وەزیری ڕۆشنبیریی لاوان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی لاوانی ڕانیە ڕێكخراوە".

زیاتر گوتی، "لە فێستیڤاڵەكەدا هەریەك لە گرووپەكانی (نیگار بۆ هونەری مەكسیك و گرووپی دیار دلانی بەندەری لە ئێران، گروپی میسڕ، گرووپی عومان لە وڵاتی ئەردەن، گرووپی هیندستان، گرووپی ئەمازیغیەكانی مەغریب، تیپی نیشتمانی هونەرە میللیەكانی عێراق لە بەغدا، تیپی هونەری شاریای ئێزیدی، گرووپی میوزیكی كچانی ڕانیە، تیپی برایەتی كەركووك، تیپی نەتەوەیی هونەرە میللیەكانی هەولێر، گرووپی چل كەزی لە دهۆك، گرووپی لەیزین بۆ سەمای بالی) لەو ڕۆژەدا چالاكییەكانیان پێشكەش دەكەن".

ئاماژەی بەوەیش كرد، بڕیارە چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە لە ڕۆژی پێنجشەم 19ی ئەیلوول، لە پاركی دەروازەی ڕانیە دەست پێ بكات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.




وشە - محەمەد میران