مامۆستا ئازاد خورشید سه‌رۆكى لقى كه‌ركووكى یه‌كێتیی زانایانى ئاینیى كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، شارى كه‌ركووك له‌چاو ڕێژه‌ى دانیشتوانییه‌وه، ژماره‌یه‌كى باشی مزگه‌وتى تێدایه و داوا له خێرخوازانى شاره‌كه ده‌كات له‌برى دروستكردنى مزگه‌وتى نوێ، بیر له كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى ته‌ندروستى و قوتابخانه و باخچه‌ى ساوایان بكه‌نه‌وه. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا داوا له مسوڵمانان ده‌كات، ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ حه‌ج و عومره‌یان داناوه، با بۆ هاوكاریكردنى كه‌سوكارى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه و چاره‌سه‌ركردنى بریندارانى شه‌ڕى داعش خه‌رجى بكه‌ن.
چ ئامۆژگارییه‌كت بۆ خێرخوازانى كه‌ركووك هه‌یه؟
ئاین ژیانه، ژیانیش هه‌ر مزگه‌وت دروستكردن نییه، مرۆڤ له‌پاڵ مزگه‌وت و په‌رستگه‌كان پێویستى به قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، باخچه‌ى ساوایان، سه‌نته‌رى ڕ‌ۆشنبیرى و پارك هه‌یه، جا هه‌ر خێرخوازێك ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستى خزمه‌تكردنى مرۆڤایه‌تى و به‌ده‌ستهێنانى ڕه‌زامه‌ندیى خوداى خۆى بێت، ده‌بێ به‌پێى ڕێساى (واجب الوقت) بزانێ هه‌نووكه چ شتێك پێویستتره بۆ كۆمه‌ڵگه. بۆ نموونه له گه‌ڕه‌كێكى وه‌ك په‌نجا عه‌لى له كه‌ركووك چ پێویست ده‌كات په‌نجا مزگه‌وت هه‌بێت و هه‌ر هه‌مووشیان وتارى هه‌ینییان تێدا بخوێندرێته‌وه؟ به ڕاى من 25یان زیاده و خۆزگه له جیاتی ئه‌و هه‌موو مزگه‌وتانه، نه‌خۆشخانه‌یه‌ك یان قوتابخانه‌یه‌ك یاخود باخچه‌یه‌كى ساوایان بووایه كه قه‌ره‌باڵغیى قوتابخانه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه و گیانى منداڵانى گه‌ڕه‌كه‌كه له په‌ڕینه‌وه‌ى شه‌قام ده‌پارێزێ و بڕینى ڕێگه‌یه‌كى دووریان له‌كۆڵ ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر بۆ خێریشیانه، خێره‌كه‌ى ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت، كه‌متر نییه له مزگه‌وت.
ئێوه له یه‌كێتیى زانایان، وتارى هه‌ینى بۆ وتارخوێن دیارى ده‌كه‌ن یا ئازادیان ده‌كه‌ن له هه‌ڵبژاردنى بابه‌تى وتاره‌كان؟
نیوه‌ى وتارخوێنانى كه‌ركووك فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافن و نیوه‌كه‌ى تریان نافه‌رمین و به پشتگیریى حزبه كوردستانییه‌كان دانراون، هیچ چوارچێوه‌یه‌كیان بۆ دیارى نه‌كراوه و زۆربه‌شیان بۆ وتارخوێنى شیاو نین. ئه‌م ناڕێكخراوه‌یییه له چوارچێوه‌ى فه‌رمانگه‌یه‌كدا واى له وتاخوێنان كردووه به ئاره‌زووى خۆیان بابه‌تى وتارى هه‌ینى هه‌ڵبژێرن و هه‌ندێك جار بیروباوه‌ڕى ڕه‌وتێكى دیاریكراوى ئیسلام به‌سه‌ر مسوڵماناندا ده‌سه‌پێنن، بۆ نموونه خوێندنه‌وه‌ى مه‌ولوود و یادى له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به بیدعه داده‌نێن و حه‌رامى ده‌كه‌ن له مسوڵمانان و ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ى ئه‌م یاده بكاته‌وه گومڕاو و سه‌ر لێشێواوه. له كاتێكدا سه‌ركرده و به‌رپرسانى باڵاى حزبى و حكوومى به‌شداریى ئه‌م یاده پیرۆزه ده‌كه‌ن، بۆیه داوا ده‌كه‌م ڕێگه به‌م جۆره وتارخوێنانه نه‌درێ ئه‌م جۆره بیروباوه‌ڕه له‌ناو مسوڵماناندا بڵاو بكه‌نه‌وه.
هه‌ندێ جار یادكردنه‌وه‌ى ئه‌م بۆنه ئاینییانه وه‌ك بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردن لافیته و وێنه به‌قه‌د دیوار و ستوونه‌كانى كاره‌باوه هه‌ڵده‌واسرێن. هه‌ست ناكه‌ن ئه‌مانه‌ش پیسبوونى ژینگه و دیمه‌نى شار ده‌شێوێنێ؟
به‌ڵێ وایه، ئه‌م كارانه‌ش هه‌ر به شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كییه و لایه‌نێكى فه‌رمى نییه سه‌رپه‌رشتیى بكات و پاش ته‌واوبوونى لایان بدات. كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه هه‌ندێك جار لافیته‌كان هه‌ناسه‌ى توندڕه‌وى و تایفه‌گه‌ریى تێدایه و ده‌بێته هۆى چاندنى تۆوى دووبه‌ره‌كى له نێوان پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌مان، له كاتێكدا په‌یامى ئاینى ئیسلام، یه‌كگرتنه نه‌ك په‌رته‌وازه‌بوون. بۆیه ئێمه پێمان باشه له یاد و بۆنه ئاینییه‌كاندا شوێنى تایبه‌ت هه‌بێت بۆ هه‌ڵواسینى لافیته‌كان و به كه‌تیره و سیكۆتین له قه‌د دیوار نه‌درێن و هه‌ر دواى ته‌واوبوونى بۆنه‌كه، هه‌ڵمه‌تى لادان و خاوێنكردنه‌وه ده‌ست پێ بكرێت.
به‌گوته‌ى ئێوه بێت كه‌ركووك پێویستى به مزگه‌وت نه‌ماوه و پڕۆژه‌ى خێرخوازیى تر هه‌یه خێرخوازان ئه‌نجامى بده‌ن، ئه‌و پڕۆژانه چین؟
پڕۆژه‌ى خێرخوازى زۆرن خێرخوازان ئه‌نجامى بده‌ن، بۆ نموونه مانگانه سه‌تان كه‌س ناوى خۆیان بۆ عومره تۆمار ده‌كه‌ن و ئێسته وه‌رزى تۆماركردنى ناوه‌كانه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ناویان بۆ فه‌ریزه‌ى حه‌ج ده‌رچووه، من به‌و به‌ڕێزانه ده‌ڵێم ئه‌و پارانه‌ى بۆ عومره و حه‌جتان داناوه، وه‌رن بریندارانى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یان پێ چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه له به‌ره‌كانى شه‌ره‌فدا له كاتى به‌رگریكردن له شه‌ره‌ف و نامووسی كه‌ركووكییان به تایبه‌تى و كوردستان به گشتى بریندار بوون، چونكه حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌و توانا دارایییه‌ى نییه ئه‌و هه‌موو برینداره چاره‌سه‌ر بكات، هێندێكیشیان ئه‌گه‌ر زوو فریایان نه‌كه‌وی هه‌تا هه‌تایه كه‌مئه‌ندام ده‌بن و په‌كیان ده‌كه‌وێ. منداڵانى شه‌هیدیش ئه‌و مافه‌یان له‌سه‌ر خێرخوازاندا هه‌یه پێداویستییه‌كانیان پڕ بكرێته‌وه و نازیان هه‌ڵبگیرێ. دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم، ئۆباڵتان به ئه‌ستۆم ئه‌و كارانه بكه‌ن خێرى له عومره و دروستكردنى مزگه‌وت زیاتره.
ناونانى مزگه‌وته نوێیه‌كان له‌لایه‌ن ئێوه‌وه دیارى ده‌كرێت یا خێرخوازه‌كه؟
ئه‌وقافى كه‌ركووك، له سه‌رده‌مى ڕێژیمى پێشوو ته‌نیا سێ مزگه‌وتى له گه‌ڕه‌كه عه‌ره‌بنشینه‌كان كردووه و ئه‌وانه‌ى دروست كراون هه‌مووى له‌لایه‌ن خێرخوازانه‌وه دروست كراون. ئێمه‌ش ئه‌وانه‌ى پرسمان پێ ده‌كه‌ن ناوى زانایان و پێشه‌وایانى كوردیان بۆ پێشنیاز ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌بو به‌كرى سدیق یان عه‌لى كوڕى ئه‌بو تالیب پێویستیان به‌وه نییه مزگه‌وتیان به‌ناو بكرێت، من پێم باشه مزگه‌وته تازه‌كان به‌ناوى حه‌پسه خانى نه‌قیب، سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یووبى، شێخ مه‌حموودى حه‌فید و شێخ ڕه‌زا و چه‌ندان كه‌سایه‌تیى ناودارى تر‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه بكرێن.
كه‌ركووك- نه‌به‌ز رۆسته‌م