شاندێكی مامۆستایانی كوردستان سەردانی بەغدای كرد

:: PM:07:33:16/10/2016 ‌

شاندێكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی كۆ دەبێتەوە و لەبارەی مووچەی مامۆستایانی هەرێم و بایكۆتكردنی دەوامی فەرمی مامۆستایان گفتوگۆ دەكەن، شاندەكە دووپاتی دەكاتەوە كە پاڵپشتیان لێ كراوە و چاوەڕوانی حكوومەتی عێراقن بۆ ئەوەی بەڵێن بداتە هەرێم و داواكارییەكەی ئەوان قبووڵ بكات.

ئەحمەد گەرمیانی بەرپرسی یەكێتی مامۆستایان كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ئەمرۆ یەكشەم شاندێكمان سەردانی بەغدای كردووە و كۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی بەغدا كردووە و گفتوگۆمان لەبارەی مووچەی مامۆستایانی هەرێم و بایكۆتكردنی مامۆستایان كردووە.

زیاتر گوتی، لە كۆبونەوەكەدا یەكێتی مامۆستایانی عێراق پشتگیری لە داواكارییەكانی ئێمە كردووە و بەڵێنیان پێ داوین كە هاوكارمان بن بۆ ئەوەی لە حكوومەتی عێراق داواكارییەكانمان جێبەجێ‌ بكات و بەشێك لە مووچەی مامۆستایانی هەرێم لەلایەن حكومەتی بغدادەوە دابین بكرێن ،لەكۆبونەوەكە باس لە پتەوكردنی پەیوەندی زیاتری هەردوولا كرایەوە.

گەرمیانی روونی كردەوە كە یەكێتی مامۆستایانی جیهان كە بارەگەی لە برۆكسلە، بەهەمان شێوە پشتگیری لە داواكارییەكانی ئەوان كردووە و نامەیەكی ئاراستەی حەیدەر عبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە لەبارەی دۆخی مامۆستایانی هەرێم و داوای كردووە كە بەشێك لە داواكارییەكانی مامۆستایانی هەرێم جێبەجێ‌ بكات بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێم نەوەستێت.

ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە نامەكەی یەكێتی مامۆستایانی جیهان كراوە، لە كاتێكدا كە هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و عێَراق پەیوەندیان هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەیان كردووە، دووپاتی كردەوە كە پرۆسەكە هەنگاوی باش و خێرای بەخۆوە بینیوە و ئەم سەردانە و كۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی مامۆستایانی عێراق بۆ ئەوە بوو كە لە رێگەی ئەوانەوە پاڵەپەستۆ دروست بكەین بۆسەر حكوومەتی عێراق بەمەبەستی ناردنی بەشێك لە مووچەی مامۆستایانی هەرێم.

رونی كردەوە كە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت و لە چاوەڕوانی حكوومەتی عێراقن بۆ ئەوەی بەڵێن بداتە هەرێم و داواكارییەكەی ئەوان و وەزارەتی پەروەردە قبووڵ بكات، دووپاتی كردەوە كە شاندەكە سبەی دەگەڕێتەوە و لە ماوەی داهاتووشدا شاندی تریان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ باسەكە دەكەنەوە.

نزیكەی مانگێكە بایكۆت و خۆپێشاندان لەلایەن مامۆستایانی هەرێم لە زۆرێك لە شار و شارۆكەكانی هەرێم دەستی پێ كردووە بەهۆی دواكەوتنی مووچە و لەدژی سیستمی پاشەكەوتی موچەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی تا ئێستە لە زۆرێك لە قوتابخانەكانی دەوام نەكرێت و مامۆستایان ئامادە نەبن دەوام بكەن تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

وشە/سەلام هانەدنی 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل