شیعرێكی هەزار ساڵەی پیر ئەحمەدی كاكەیی

:: AM:09:22:18/09/2019 ‌

ئەز ئەحمەدی زێڕین بەرم
ئەز ئەو دوڕەی ناو گەوهەرم
ئەرز و سەمایە لەنگەرم
لە رۆژ حەساو ئەز لەدەرم
ئەز ئەحمەدم بارم گێڵان
تاونم داوە بەخێڵان
جەژنم داناوە لە كەیان
لە رۆژ حەساو دەدەم بەیان
ئەز ئەحمەدی ناو بچووكم
هەم نەو زاوا و هەم نەو بووكم
زەڕینەڵەی دەستە لووكم
رۆژی حەساو ئەز دەكووكم
ئەز ئەحمەدی بێ‌ منداڵم
هەم نەو زاوا و هەم نەو ماڵم
زەڕینەڵەی ناو دەستماڵم
رۆژی حەساو ئەز دەناڵم
ئەز ئەحمەدی دەریای جەیحوون
چەندێ‌ گەڕام بە دوونای دوون
لە گشت لاوە هەڵساوە هوون
لە سیاوەخشۆ كرام گوڵگوون
ئەز ئەحمەدی ئاوتەشارم
لە ناوی دوڕ گەوهەر بارم
لە هەفتەمین ناوی یارم
رۆژی حەساو ئەز دیارم

ئەگەر زەین بدەینە وشە بە وشەی ئەم هۆنراوەیەی پیر ئەحمەد لە رووی زمانەوە و لێی قووڵ بینەوە، مەزەندەمان بۆ دوو شت دەچێت، یان ئەوەتا زمانی كوردی ئەو سەردەمە بەمجۆرە بووە و تێهەڵكێش بووە لە سەرجەم زاراوەكانی "سۆرانی و كرمانجی و ماچۆ و.." یاخۆ پیر ئەحمەد هێندە شارەزا بووە لە شێوەزارەكانی كوردستان، كە سەرسوڕهێنەر بووە.

كورد گوتەنی "كۆكردنەوەی ئەم هەموو زاراوانە لەو سەردەمەدا هەر بەدەم خۆشە"، دەنا كێ‌ هێندە زانایە لەم هەموو شیرین بارینە و لەو هەموو وردەكارییانەی ناو ئەم شیعرە سەر دەربكات، لەو دەمەدا و بەتاقی تەنیا بتوانێ‌ ئەم وشەگەلانە وەك دیواری بە ناوبانگی چین، ئەم دیواربەندەی شیعری كوردی پێ‌ دروست و نەخش بكات. 

لەلایەكی ترەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پیر ئەحمەد سەری لە زانستیش دەرچووە و ئەوەتا لەم دێڕەدا باسی دەریای جەیحوون و دوونای دوون دەكات، كەواتە جیۆگرافیناسیش بووە و شارەزایشی هەبووە لە دەریا و ئۆقیانووسەكان، بۆ نموونە دەڵێ‌:

ئەز ئەحمەدی دەریای جەیحوون
چەندێ‌ گەڕام بە دوونای دوون

لەلایەكی تریشەوە باسی سازگارترین ئاوی دنیا دەكات "ئاوتەشار"، ئەم كانیاوە لای یارسانەكان زۆر پیرۆزە و بۆ تەبەروك و چاكبوونەوەی نەخۆش بەكاری دێنن. 

نووسەر و فۆلكلۆرناس هەردەوێڵ كاكەیی لەبارەی ئاوتەشارەوە دەڵێ‌، "لەم ساڵانەی دواییدا چەندان تیمی پزیشكی، ئاوی ئاوتەشاریان پشكنیوە و بۆیان ساغ بووەتەوە كە سازگارترین ئاوە لە دنیا كە پیر ئەحمەد خۆی بە پاكی و سازگاری ئەو ئاوە دەچوێنێ. وەك لەم دێڕەی خوارەوە ئاماژەی پێ كردووە و دەڵێ‌: 

ئەز ئەحمەدی ئاوتەشارم
لە ناوی دوڕ گەوهەر بارم

وەلێ‌ مامۆستای هەژار موكریانی گوتەنی "رووی زەمانە رەش بێت" ئێمەی كوردی دەسكورتی نەگبەت و كڵۆڵ، لە ئەگەر بەولاوە چیمان هەیە؟ ئەگەر ئەوەندە كەند و كۆسپ و لەند و لەمپەر زۆرە كە خراونەتە سەر رێی ئازادیمان، نەبوونایە و ئەگەر كوردیش وەك گەلانی ئازاد دەوڵەتی خۆی بووایە، گەشەی بە زمان و فەرهەنگ و دیرۆك و هۆنراوە و چیرۆك بدایە، ئێستە كار لەجێیەكی تر بوو.

ناوی تەواوی "ئەحمەد كۆڕی نەسەی كاكەیی كەركووكی"یە و بەپێی پەڕاوی سەرئەنجام لە سەدەی پێنجەمی كۆچیدا پێی ناوەتە ژیانەوە، هەر بە منداڵی وریا و زیرەك بووە و لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لەلای باوكی خەریكی خوێندن بووە، لە لاویدا هۆنراوەی جوانی نووسیوە و لەبەرئەوەی دەنگێكی خۆشی بووە، هۆنراوەكانی خۆی بە ئاهەنگی تەنبوورەوە خوێندووەتەوە. 



سەرچاوە:
 1. مێژووی وێژەی كوردی/ بەرگی یەكەم. چاپی دووەم/ سدیق بۆرەكەیی. دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، هەولێر 2008.
2. مەم و زینی خانی/ هەژار كردوویەتی بە كوردی/ كانی كتێب سنە 1394ی هەتاوی.

وشە/ ستار جەباری 



وشە - وشه‌