پارەی زبڵ و رێكلام هاواری لە دووكاندارانی هەولێر هەستاندووە

:: AM:09:26:18/09/2019 ‌
شارەوانی خۆی لە شۆستەكان بێ خاوەن كردووە


مانگانەی زبڵ و پارەی تابلۆی دووكانەكان، هاواری لە هەندێك دووكاندار هەستاندووە كە بڕە پارەیەكی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، لە كاتێكدا هاوپیشەكانیان كەمتریان لێ وەردەگیرێت. شارەوانی كە لە وەرگرتنی كرێی مانگانە رژدە، كاڵای دووكانداران ڕێیەكیان لەسەر شۆستەكان بۆ ڕێبوار نەهێشتووەتەوە، بەڵام نایبینن. سەرۆكی شارەوانیی چواری هەولێر دەڵێ، "هەڵمەتی پاككردنەوەی شۆستەكان دەستی پێ كردووە".

لەسەر رێی دووسایدی بنەسڵاوە لە دەستەڕاستت كۆمەڵێك دووكان بە ڕیزی یەكترەوە هەن، جۆرەها پیشە لەو شوێنە كۆ بوونەتەوە و زۆربەی پێداویستییەكان لە چاوەڕوانی كڕیاردا دانراون، كاڵا زۆر و كڕیار كەم، دەمی هەر دووكاندارێك دەكەیتەوە گلەیی لە فرۆش دەكات، تەنانەت هەیانە بەگوتەی خۆی "مانگانەكەی دەرناهێنێتەوە و بۆی ڕوون نییە تا كەی دەتوانێ بەرگەی ئەو بێ بازاڕییە بگرێت". 
ئەوان كۆتایی مانگ كرێ تەنگیان پێ هەڵدەچنێت و مانگانەی زبڵ و پارەی رێكلام، بە لینگە لەرزەیان دەخات، كە هی هەندێكیان لەسەریان كۆ بووەتەوە و ناچارن ملیۆنان دینار بدەن بۆ ئەوەی شوێنی ڕزقیان دانەخرێت.

یەكێك لەو دووكانانە جلوبەرگی منداڵان و هەندێك لە پێداویستی ژنان دەفرۆشێت، خاوەنەكەی كە نەیتوانیوە ماگانەی شارەوانی بدات، بڕی كەڵەكەبووی دوو ساڵی پارەی زبڵ و خاشاك و رێكلامەكانی چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دینارە، بۆ ئەوەی دەرگەی دووكانەكەی دانەخرێت، ملیۆنێك و ٢٤٥ هەزار دینار دەدات و ئێستەیش پەیداكردنی ئەو بڕەی ماوە، بووەتە مۆتەكە و زۆر شەو لە خەو ڕایدەپەڕێنێت، خاوەنی ئەو دووكانە بە دەنگی بەرز چەند جار دووبارەی دەكردەوە "خوا هەڵناگرێت". 

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە فاكتۆری قەرزدارییەكەی كە لە شارەوانی پێی دراوە، لەو دوو ساڵەدا چەند مانگێك مانگانەی زبڵ و خاشاكی بە ٧٨ هەزار دینار هەژمار كراوە و هەندێكیش بڕەكەی ٢٤ هەزار دینارە، لە كاتێكدا بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، دووكانی تری جلوبەرگ هەر لەو ڕیزە، مانگانە ١٠ هەزار دینار پارەی زبڵ دەدات.

هەر لەو بازاڕە ڕاستەڕێیە كەمێك سەرتر چێشتخانەیەكە و ئەویش ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار دیناری پارەی خاشاك و رێكلامی بۆ هاتووەتەوە، ٢٠٠ هەزار دیناری داوە و ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار دینار قەرزدار ماوەتەوە، مانگانەی زبڵی ئەو كە ٢٤ هەزار دینارە، خواردنگەكەی سەرووی خۆی ١٨ هەزار دینار و ئەوەی ئەولاتریش مانگانە ١٤ هەزار دیناری فڕێدانی زبڵ دەدات. بەڵام روون نییە ئەم جیاوازییە چییە شارەوانی دروستی كردووە.

ئەستەمە بە مانگانەی دووكاندار پێوەری دانانی نرخەكان ڕوون ببێتەوە كە لەو بازاڕە جۆرەها پیشە هەن، شوێنی فرۆشتنی مادەی خانووبەرە ١٨ هەزار دیناری بۆ فڕێدانی زبڵ لێ وەردەگیرێت، كارگەی ئەلەمنیۆم ٢٠ هەزار دینار و كوتاڵفرۆش و وێنەگر و مۆبایلفرۆش مانگانە ١٠ هەزار و سەرتاش و ساردەمەنی ١٥ هەزار دینار، لە بەرانبەر فڕێدانی زبڵی دەرمانخانەش، مانگانە ٣٠ هەزار دینار وەردەگیرێت و بۆ زێڕنگەریش پێنج هەزار دینارە.

بەڵام پارەی تابلۆی رێكلامی سەر دووكانەكان بۆ هەر مەترێكی چوارگۆشە بەپێی شوێن ٣٠ یا ٤٠ هەزار دینارە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، پارەی رێكلام و زبڵ و خاشاك لەلایەن كۆمپانیای "میدیا تێك" كۆ دەكرێتەوە، كە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی تایبەت بە كۆكردنەوەی داهاتی زبڵ و رێكلامی دووكانەكان كردووە، بەڵام ئەوان بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی كارەكانیان دەكەن.

هەولێری پایتەخت كە بەسەر شەش شارەوانیدا دابەش كراوە، ئەو بازاڕە دەكەوێتە سنووری شارەوانیی چوار. بۆتان تاهیر بەڕێوەبەری ئەو شارەوانییە ئاماژە بەوە دەكات، بەپێی ڕێنوێنیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارەی رێكلام و زبڵ و خاشاك لە دووكاندار وەردەگیرێت.

بەگوتەی بۆتان "بۆ هەر پیشەیەك نرخەكان بەپێی شوێنەكەیان دیاری كراوە و بۆ هەموو دووكانەكانی پارێزگای هەولێر بە یەك سیستم پارەكە دانراوە، لە ئەگەری نەدانی مانگانەكەیش دووكاندار دوو جار ئاگادار دەكرێنەوە و دواجار ئەگەر مانگانەكە نەدەن، دووكانەكانیان دادەخرێت.

بە بڕوای سەرۆكی شارەوانیی چواری هەولێر، هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان نرخەكاندا و بە"وشە" دەڵێت، "لە ئەگەری بوونی جیاوازی دەكرێ دووكاندار سەردانی شارەوانی بكات، لە هەر شەش شارەوانییەكانی هەولێر ئۆفیسێكی (میدیا تێك) هەیە، سكاڵای خۆی تۆمار بكات و ئێمەش بەدواداچوونی رژدی بۆ دەكەین".

لەبارەی داگیركردنی شۆستە لە هەولێر، بۆتان تاهیر دەڵێ "گرتنی شۆستەكان سەرپێچییە و بەداخەوە لە زۆربەی شوێنەكانی هەولێر دووكاندار كاڵاكانیان دەهێننە سەر شۆستە، بەڵام ئێستە بەرنامەیەكی گشتگیر هەیە نەك تەنیا لە شارەوانیی چوار، بەڵكو لە هەموو شارەوانییەكانی هەولێر كە ئێستە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری دەستی پێ كردووە، بۆ لادانی تەواوی سەرپێچییەكانی سەر شۆستە و سەرپێچیكاران سزا دەدرێت".

ئێستە دووكاندار كە گلەیی لە بەرزی نرخەكان دەكەن، لە كاتێكدایە وەك خۆیان باسیان دەكرد بێ بازاڕی لوولی داون، ئەوان كە ناتوانن لە مانگانەی پاشماوەكانیان ڕزگار ببن، زۆریان بە لێكردنەوە و ڕەشكردنەوەی، خۆیان لە ساڵانەی رێكلامەكانیان دەرباز كردووە، ڕەنگە دواجار بەرزی نرخی ساڵانە هەموو دووكانەكانی هەولێری پایتەخت بەبێ رێكلام بمێننەوە.

وشە/ هەولێر. چواس خالید

 



وشە - وشه‌