سامیا حوسێن: كاری راگەیاندن بەشێكە لە رۆحم

:: AM:09:34:18/09/2019 ‌


سامیا حوسێن عەبدوڵا خەڵكی پارێزگای كرمانشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، دەرچووی بەشی زەویناسی كۆلیژی زانستە لە زانكۆی سلێمانی، لەم دیمانەیەی "وشە"دا دەڵێ، خولیای بۆ كاری راگەیاندن وای كردووە بەسەر هەموو كۆسپەكاندا زاڵ بێت و ئێستەیش بە هیچ كارێكی تری ناگۆڕێتەوە. 

چۆن بوو بواری راگەیاندن بووە ئیشی سەرەكیی تۆ؟ 

 راستییەكەی مرۆڤ هەر پیشەیەك هەڵبژێرێت، سەرەتا دەبێ لەگەڵ خواست و خولیا و توانای خۆی بگونجێ، پاشان خۆشەویستی تەواوی بۆی هەبێت و بە عیشقەوە كاری بۆ بكات، منیش لەو روانگەیەوە كاری میدیاییم هەڵبژاردووە. هەم حەز و خولیایەكی تایبەتم هەبووە بۆی، هەمیش وامبینیوە لەگەڵ توانای خۆم یەكیان گرتووەتەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم كاری راگەیاندن یەكێك بووە لەو خولیایانەی لە منداڵییەوە هەمبووە .

بە بۆچوونت راگەیاندنكاری ژن پشت بە چی دەبەستێ؟ 

 ناتوانم بە گشتاندن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونكە ئەمە لە ژنێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بەڵام وەك خۆم ئەوەی پشتم پێی بەستووە، یەكەم خودا و دووەم توانای خۆم و پاڵپشتی خێزانەكەمە، پاشان ئەو كەسانەی بەكردەنی هاوكارم بوون.

 ئەو حەزەی سەرەتا لە راگەیاندن هەتبوو، ئێستەیش بەهەمانشێوە كار دەكەیت؟ 

نەك هەر كەمی نەكردووە، بگرە زیاتر بووە و عەشقی من بۆ كارەكەم زیاتر بووە، چونكە كارەكە خولیای منە.

 راگەیاندن لای تۆ حەزە یان پیشە؟ 

 هەردووكیان، چونكە بە بۆچوونی من تەواوكەری یەكترن، بۆیە ئەگەر لەنگی لە یەكێكیان هەبوو، كار دەكاتە سەر ئەوی تر. 

داوایان لێ نەكردوویت بۆ كاری هونەری یان رێكلام بەشداری بكەیت؟ 

بۆ رێكلام پێم نەگوتراوە، بەڵام بۆ كاری هونەری بە تایبەت كورتە فیلم پێم گوتراوە، بەڵام ئێستە ئیشی میدیا بۆ من گرنگترە. 
 
 خەونت چییە؟ 

گەورەترین خەونم بینینی دەوڵەتی كوردستانە لەسەر نەخشەی دنیا.

 تا چەند لە كارەكەت وەك راگەیاندنكارێك ئاسوودەیت؟ 

زۆر زیاتر لە زۆر، چونكە ئەگەر كارێك ئاسوودەی نەكردبێتم هەرگیز دەستم بۆی نەبردووە، بۆیە كاری راگەیاندن بەشێكە لە رۆحی من و هەمیشە دەڵێم ئەگەر مرۆڤ خۆشەویستی بێ مەرجی بۆ كارەكەی نەبێت هەرگیز چاوەڕێ نەكات هەنگاوی ئەمڕۆی لە هی دوێنێ گەورەتر بێت. 

 راگەیاندن هیچ شتێكی لێ سەندوویتەوە؟

نەك هەر هیچی لێم نەسەندووە، بگرە زۆری پێ بەخشیوم، خۆشەویستی ئەوانەی بەسەركەوتنەكانم خۆشحاڵن، گەورەترین دەستكەوت بوو بۆم.

 سەرەتای كاركردنت هیچ رێگرییەكت بۆ دروست بوو؟ 

 هەر كارێك سەرەتا كە دەستی پێ دەكەیت ماندووت دەكات، ئەوەی لێرە گرنگە رادەست نەبوونی تۆیە و خۆگونجانە لەگەڵ واقیع، بۆیە بوونی ئیرادەیەكی بەهێز و پاڵپشتی خێزان، گەورەترین نیعمەت بوون بۆ من، بۆیە ئەگەر بۆ رەگەزی بەرانبەر جارێك قورس بێت، بۆ ژن دە هێندە قورستر بووە لەم كۆمەڵگەیەی  ئێمە.

جگە لە كاری راگەیاندن چ كارێكی تر دەزانی بیكەیت؟

دوو ساڵ دەبێ خوێندنم تەواو كردووە، ئەوەشی كردوومە لە بواری كاری رێكخراوەیی و میدیا بووە و هەردووكیان دوور بوون لە پسپۆڕی خۆم، بۆیە وەك گوتم حەزم لە كاری نوێ و ئەزموونی نوێیە، دەرفەت هەبێت ئەو كارانەی خۆم خولیامە، هەمووی ئەزموون دەكەم .
وشە/دیمانەی ئەحمەد تاریق 



وشە - وشه‌