چین دەرگای زانکۆکانی بەڕووی کوردستاندا واڵا دەکات

:: PM:02:54:18/09/2019 ‌
لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری خوێندنی باڵا و کۆنسوڵی گشتی کۆماری چین هاوکاری زانستی و ئەکادیمی وڵاتی چین بۆ کوردستان تاوتوێ کرا و کۆنسوڵی گشتی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری کردنی کوردستان لەڕووی زانستییەوە دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئارام محمد قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە نیی رۆتشی، كۆنسوڵی گشتیی كۆماری نەتەوەیی چین لە هەولێر کرد.

زیاتر روون کراوەتەوە، لەو دیدارەدا کۆنسوڵی گشتی چین رای گەیاند، ساڵانە ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و كو‌لتووری سەردانی چین دەکەن و لەوێوە شارەزای ئاستی پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە دەبن و ئاماژەی بە هەنگاوەکانی کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین کرد.

"د. ئارام محەمەد قادر هاوکارییەکانی بۆ کردنەوەی بەشی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین و ئاشنابوونی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بە دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەی بە گرنگ وەسف کرد، بەتایبەتیش ئاشناکردنی خوێندکارانی زانکۆکان لە ڕێگەی کۆمپانیای هواوی بە پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەکانی کۆمپانیای ناوبراو و نوێترین داهێنانی کۆمپانیاکە لە بواری ڕاهێنان و ئەلیکترۆنیدا" لە راگەیەندراوەکەدا وا نووسراوە.

وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتی لەوەیش کردەوە، پرۆسەی خوێندن و ئاستی زانست لە وڵاتی چین بۆ ئێمە جێگەی بایەخە و دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە پێوەندییەکانمان فراوانتر بکەین و داوای کرد ئاستی پێوەندییەکان فراوانتر بکرێت و لە داهاتودا پرۆگرامەکان مامۆستا و فەرمانبەرانیش بگرێتەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی زیاتری ئەکادیمی و زانستیمان لەگەڵ وڵاتی چین هەبێت.


وشە - هیدایه‌ت جان