سەرۆک بارزانی و بەرهەم ساڵح کۆ بوونەوە

:: PM:03:04:18/09/2019 ‌
سەرۆک بارزانی و د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆ بوونەوە و تاوتوێی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسەکانی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراقیان کرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، ماڵپەڕی فەرمی سەرۆک بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە لە دکتۆر فواد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران پێکهاتبوو.

زیاتر روون کراوەتەوە، لە دیدارەکەدا کە هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

"ڕۆشنایی خرایە سەر پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسەکانی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراق، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و داڕشتنی یاساکان و هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر. لەوبارەیەوە جەخت لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ بۆ چارەسەر كردنی كۆی كێشەكان پابەندبوون بە دەستوور کرایەوە" لە راگەیەندراوەکەدا وا نووسراوە.

دووپات لەوەیش کراوەتەوە، هەر لە دیدارەکەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و پێداگری لە پێویستیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە.


وشە - هیدایه‌ت جان